لە ئەمریکا گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژیا کرایەوە؛ پێشبینی دەکرێت 100 هەزار کەس سەردانی بکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری لاس ڤێگاس، گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژیای جیهان ناسراو بە (سی ئی ئێس) بەڕێوەدەچێت. بەڕێوەچوونی پێشانگاکە لە کاتێکدایە، کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا سێیەکی بەهاکەیان لە 2022دا لەدەستدا.
ئەنشێل ساگ، شرۆڤەکارێکی تەکنەلۆژیایە و دەڵێت: "ئەوەی راستی بێت زۆربەی ئەو کۆمپانیانە بەهاکانیان زیاتر لە تواناکانیان بەرزبووەوە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا کە پێویست بوو کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان خزمەتگوزارییەکانیان پێشبخەن. هەرچەندە کەموکورتی هەبوو، بەڵام ئەو کۆمپانیایانە قازانجی گەورەیان کرد."
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 100 هەزار کەس لە تەواوی جیهانەوە سەردانی پێشانگاکە بکەن، بەڵام پار بەهۆی ڤایرۆسی کۆرنا ژمارەی سەردانکەران بە رێژەی 70٪ دابەزی. لە 2019دا و بەرلە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا 175 هەزار کەس سەردانی پێشانگاکەیان کرد.
جۆن، گەشتیارێکە و دەڵێت: "پێموایە داهێنانەکانی ئەو کۆمپانیانە ژیانمان ئاسان دەکات. پێشانگاکەش دەبێتە شوێنێک کە بتوانین خۆمانی تێدا بدۆزینەوە، بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەش لە رێگەی پێشخستنی تەکنەلۆژیای مۆبایل."
لە پێشانگای (سی ئی ئێس)ی، گەورەترین داهێنانەکان لە بواری ئۆتۆمبێل، رۆبۆت، کەرەستەی ناوماڵی دەستکرد نمایش دەکرێن.
بیاتریس، گەشتیارێکی بەرازیلییە و دەڵێت: "من خولیای تەکنەلۆژیام هەیە. هەموو رۆژێک بەکاری دەهێنم. هەر کە لە خەو هەڵدەستم مۆبایلەکەم بەدەستمەوە دەگرم، تۆڕە کۆمەلایەتییەکان هەموو ژیانی منە."
پێشانگای (سی ئی ئێس) لە رۆژی پێنجشەممەوە کراوەتەوە و تاوەکو یەکشەممە بەردەوام دەبێت. 3100 کۆمپانیا تێیدا بەشدارن لە 173 وڵاتەوە. 4700 تەلەفزیۆن و ئاژانسی میدیایی رووماڵی پێشانگاکە دەکەن.