بەهۆی 'خواردنەوەی کحولیی خراپەوە' لە تونس چوار کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە تونس بەهۆی خواردنەوەی کحولیی بێ کوالێتی و خراپەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 40 کەسیش ژەهراویبوون، "تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیرە."
 
رۆژی یەکشەممە، 7-1-2024، بەرپرسێکی تەندروستیی تونس رایگەیاند، بەهۆی خوارنەوەی کحولیی بێکوالێتی و خراپەوە لە شاری مەدەنین لە باشووری توونس چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 40 کەسیش ژەهراویبوون.
 
فەتحی بەکوش، گوتەبێژی دادگەی مەدەنین گوتی، "پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و ئەو بازرگانەی کە ئەو کحولەشی هاوردە کردووە دەستگیرکراوە."
 
بەگوێرەی بەکوش، کحولەکە رەوانەی تاقیگە کراوە و "چاوەڕێی ئەنجامەکانین. بەشێک لەو 40 کەسەی ژەهراویبوونە بەهۆی خراپیی تەندروستییانەوە بەرەو شاری تونسی پایتەختەوە نێردراون."
 
ئەوە یەکەمجار نییە ژەهراویبوون و مردن بەهۆی کحولی بێکوالیتی و خراپەوە تۆماربکرێت.
 
ساڵی 2021، بەرپرسانی تەندروستیی تونس رایانگەیاند، لە شاری قەسرەین لە رۆژئاوای وڵاتەکە بەهۆی کحولی خراپەوە، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 25ـی دیکەش ژەهراویبوون.
 
لە ئایاری 2020ـیش لە شاری قەیرەوان لانیکەم 39 کەس ژەهراویبوون و شەش کەسیان گیانیان لەدەستدا، ئەمەش دوای ئەوەی جۆرە کحولێکیان خواردبۆوە کە مادەی میسانۆلی تێدابوو.
 
میسانۆل باوترین جۆری مادەیە کە لەو کحولانە دەکرێت و رێژەی ژەهراویبوونی بەرزە و بۆ دابەزاندنی نرخی کحولەکە لە بری مادەی ئیسانۆل بەکاردێت. 
 
بەکارهێنانی ئەو جۆرە کحولانە کە لە ماڵان دروستدەکرێن لە توونس بەتایبەت لەلایەن چینی هەژاران زۆر بەربڵاوە.