شۆڵتز بەڵێنی پشتیوانیکردن لە سووریایەکی "ئازاد و ئارام" بە شەرع دەدات

رووداو دیجیتاڵ

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، رۆژی هەینی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریای راگەیاند، بەرلین ئامادەیە پشتیوانی لە قۆناخی راگوزەری سیاسیی سووریا بەرەو داهاتوویەکی "ئازاد و ئارام" بکات.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی شتێڤان هێبشغایت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا کە وێنەیەکی بۆ رووداو نێردراوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە یەک کاژێری خایەندووە، شۆڵتز "ئامادەیی" بەرلینی بۆ "پشتیوانیکردن لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا دەربڕیوە بۆ ئەوەی ببێتە نیشتمانێکی ئازاد و ئارام بۆ هەمووان."
 
لە یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنیی خۆیدا لەگەڵ سەرۆکی نوێی سووریا، شۆڵتز "پیرۆزبایی لە گەلی سووریا کردووە بە بۆنەی سەرکەوتنیان لە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تیرۆری رژێمی ئەسەد".
 
شەرع لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەم وەک سەرۆککۆماری کاتیی سووریا دەستنیشان کرا، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان ئەسەدیان رووخاند و کۆتاییان بە زیاتر لە پێنج دەیەی دەسەڵاتی بنەماڵەکەی هێنا.
 
شۆڵتز بە سەرۆکی نوێی سووریای راگەیاند کە پێویستە سەرکردایەتی "پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر بکات و  رێگە بە هەموو سووریاییەکان بدات، بێ رەچاوکردنی ئەوەی سەر بە چ نەتەوە یان ئایینێکن، تێیدا بەشدار بن".
 
راوێژکار ئەڵمانیا هەروەها جەختی لە "گرنگیی بەردەوامبوونی شەڕی دژی تیرۆر بۆ ئاسایشی سووریا" کردەوە.  
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، شۆڵتز بە شەرعی راگەیاندووە، ئەڵمانیا "لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی سووریا" لەگەڵ هاوبەشە ئەورووپی و نێودەوڵەتییەکانی کار دەکات.
 
لەو کاتەوەی دەستەی تەحریری شام کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد هێناوە، شەرع هەوڵیداوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سووریا لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاسایی بکاتەوە، بەڵام وڵاتەکەی رووبەڕووی ژمارەیەک کێشەی زەحمەت بووەتەوە.
 
هێزە چەکدارەکان لە باشوور، لەوانە کەمینەی درووزی، بە گومانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق دەکەن، هێزە کوردستانییەکانیش لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن لە بەرگریکردن لە ناوچەکانیان دژی گرووپی چەکداری "سوپای نیشتمانیی سووریا" کە تورکیا پشتیوانی دەکات.