دێبی نووژەن لە ستۆکهۆڵم بەخاک دەسپێردرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

هەفتەی داهاتوو دێبی نووژەن، کچی هونەرمەندی کاریکاتێریست مامۆستا نووژەن و خوشکی کۆمێدیەنی بەنێوبانگی کوردستانی و سوێدی لە ستۆکهۆڵم بەخاک دەسپێردرێت. دێبی لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکردبوو.
 
هەفتەی داهاتوو، رۆژی سێشەممە 11-02-2025 دێبی نووژەن، خوشکی ئۆز و کچی هونەرمەندی کاریکاتێریست مامۆستا نووژەن، لە ستۆکهۆڵم بەخاک دەسپێردرێت.
 
دێبی زۆرتر لە 25 ساڵە پارێزەرێکی کوردستانی و سوێدیی ناسراوە. ئەو ماوەیەک بوو نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو و رۆژانی رابردوو لە ئەڵمانیا گیانی سپارد.
 
ئۆزی برای یەکێک لە کاریگەرترین و ناسراوترین کۆمێدیەنەکانی ئەسکەندەناڤیایە؛ بەردەوام کە لەسەر ستەیجی هۆڵە گەورەکانی نمایش رادەوەستێ یان لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانی سوێد دەردەکەوێت، ئۆز لە تەنیشت گاڵتە و قسە خۆشەکانی، دۆزی کوردستان بیر خەڵکی سوێد دەهێنێتەوە.
 
لەبارەی کۆچی دوایی خوشکەکەیەوە، ئۆز دەڵێت، "هەست بە هەرچییەک بکەم، تازە کەڵکی نییە. بەتاڵاییەکی بێ سنوور و خەمگینییەکی بێ کۆتایی کەوتە دڵمەوە."