قاچاخچییەکی عێراقی بە تۆمەتی پەڕاندنەوەی کۆچبەران لە بەریتانیا دەستگیرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە بەریتانیا بڵاویکردەوە، دوو قاچاخچیی کۆچبەرانیان دەستگیرکرد کە داواکراوی فەرەنسا بوون. ئاژانسەکە دەڵێت، ئەو دوو قاچاخچییە ساڵانی 2021 بۆ 2023 کۆچبەرانیان بردووەتە وڵاتەکەیان و  پارەشیان سپیکردووەتەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 6ی شوباتی 2025، ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە بەریتانیا بڵاویکردەوە: "دوو پیاو لەلایەن ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوانەوە دەستگیرکران کە لەلایەن بەرپرسانی فەرەنسا بە تۆمەتی پەڕاندنەوەی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک بە نۆکەندی ئینگلیزدا داواکرابوون". هەردووکیان دوێنێ دەستگیرکرابوون و یەکەمین گەڕی دادگەییکردنیان بەڕێوەچوو. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، یەکێک لە قاچاخچییەکان ناوی رێبین شەریفە؛ کە عێراقییە و تەمەنی 25 ساڵە، ئەوەی دیکەش لولەزیم براهاجی تەمەن 47 ساڵە کە هاووڵاتییەکی ئەلبانییە. هەردووکیان لە شاری لەندەن دەستگیرکراون. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، دادگەی فەرەنسا ئەو دوو قاچاخچییەیان بە پەڕاندنەوەی کۆچبەران لە ساڵانی 2021 بۆ2023  لە فەرەنساوە بۆ ئەو وڵاتە تۆمەتبار کردووە. هەروەها بە سپیکردنەوەی پارەش تۆمەتبارن. 
 
جاکو بییر، بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە بەریتانیا گوتی، "قاچاخچییەکانمان دۆزینەوە و دەستگیرمان کردن. دەشڵێت، "گرووپە قاچاخچییەکان ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسییەوە" و ژیانی کۆچبەرانیان لەلا گرنگ نییە.
 
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، پێرار 29 هەزار و 437 کۆچبەر چوونە ئەو وڵاتە، بەڵام پار ژمارەکە گەیشتە 36 هەزار و 816 کۆچبەر کە 65٪یان دوای دەستبەکاربوونی ستارمەر چوو بوون.