لە پۆڵەندا خۆپێشاندانی فراوان لەدژی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر پەنابەرێک بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی کچێکی بێلارووسی لە پۆڵەندا دەستدرێژیی سێکسیی دەکرێتە سەر و گیان لەدەستدەدات، بە هەزاران کەس لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا رژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانیان کرد.
 
لیزای تەمەن 25 ساڵ لە شەقامێکی شاری وارشۆ کاتێک بەڕێگەوەبوو بۆ ماڵەوە، دەڕفێندرێت و دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتەسەر، دەگوازرێتەوە نەخۆشخانە و دواتر گیان لەدەستدەدات.
 
پۆلیسی پۆڵەندا دەڵێت کەسێکی تەمەن 23 ساڵیان بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر لیزا دەستگیر کردووە.
 
مایا ستاسکۆ، یەکێک لە رێکخەرەکانی خۆپێشاندانەکەیە و گوتی: "لیزا لە گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتر هاتبووە پۆڵەندا و هەر لە پۆڵەندا ژیانی لێ سەندرایەوە."
 
خۆپێشاندەران بە جلی رەشەوە هاتنە سەر شەقام و دروشمەکانی "ژنان نێچیر نین" و "من دەچوومەوە ماڵەوە" دەنگی ناڕەزایەتییان هەڵبڕی.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی پۆڵەندا، لە ساڵی 2023ـدا لانیکەم 80 هەزار کۆچبەری بێلارووسی روویان لە وڵاتەکە کردووە.
 
ئانا، کچێکی بێلارووسییە و یەکێک بوو لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە، گوتی: "شۆکێکی گەورە بوو بۆ هەموومان. ئێمە لە بێلارووسیاوە رامانکردووەتە ئێرە بۆ دۆزینەوەی ئاشتی، کەچی ئێستا ئێمە دەبینە قوربانی."
 
رێکخراوێکی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان لە پۆڵەندا دەڵێت، ژنان و کچانی بێلارووسی دووچاری تووندوتیژیی زۆری سێکسیی دەبنەوە.
 
ناستا بازار، چالاکڤانێکی بێلارووسییە و بەشداربووی خۆپێشاندانەکەیە، گوتی، "قورسە باوەڕ بەخۆمان بهێنین کە لەکاتی هەبوونی کێشەیەک تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکەین و ئەوانیش بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێن."
 
جگە لە خۆپێشاندەرانی بێلارووسی و پۆڵەندی، بە سەتان خۆپێشاندەری ئۆکراینی بەشدارییان کرد و مۆم و گوڵیان لەسەر گڵکۆی لیزا دانا.