لە ئەمریکا قۆڵێكی رۆبۆتی دروستکراوە کە بە هزری ئیفلیجێک دەجووڵێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

قۆڵێكی رۆبۆتی بە مێشکی ئیفلیجێک بەستراوەتەوە کە هەر چوار پەلی لەکار کەوتوون؛ هێزی جووڵەی قۆڵەکە، بیرکردنەوەی مرۆڤە ئیفلیجەکەیە.
 
کورانیش گەنگەلی، پرۆفیسۆر لە پزیشکیی دەمارەکان دەڵێت: "لە رووی زانستی دەمارەکانەوە کەسانێکی ئیفلیجن و هەر چوار پەلیان لە کار کەوتوون، تەنیا مێشکیان کار دەکات. تۆڕێک لەسەر مێشکیان دانراوە توانای خوێندنەوەی بیرۆکەکانیانی هەیە و پاشان دەیانکاتە كار و چالاکی.
 
ئەم داهێنانە لە زانکۆیەکی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا کراوە. لەسەر مێشکی ئیفلیجەکە و لە نێوان ئەو شوێنەی کە بەرپرسی بیرکردنەوەیە و ئەو شوێنەی کە بەرپرسی کار و چالاکییە؛ هەستەوەرێک دادەنرێت. بیرکردنەوە دەکاتە کردار، قۆڵە رۆبۆتەکە گوزارشتی کردارەکەیە.
 
کورانیش گەنگەلی، پرۆفیسۆر لە پزیشکی دەمارەکان دەڵێت: "کاری هەستەوەرەکە ئەوەیە خوێندنەوە بۆ ئەو وێنانە دەکات کە کەسە ئیفلیجەکە وێنایان دەکات، بۆ نموونە وێنەی جووڵانی دەستی، پاشان بە ژیری دەستکرد وێنەی ئەو جووڵەیە دەکێشرێت و قۆڵە رۆبۆتەکە لاسایی وێنەکە دەکاتەوە و جووڵەکە دەکات".
 
ژیریی دەستکرد هەنگاوێكی گەورەی بە زانستی سیستەمی دەمارەکان بەخشیوە؛ لە ئایاری 2023دا پزیشکانی سویسری هەستەوەرێكی بەستراوە بە ژیری دەستکرد؛ لە مێشکی کەسێکدا چاند، کە دەست و پێی ئیفلیجن؛ دوای 12 ساڵ لە ئیفلیجبوونی، هەستایەوە سەر پێ.
 
هەمان تەکنەلۆژیا ئیفلیجێكی دیکەی وا لێکرد وەک کەسێكی ساخ هاتووچۆ بکات. یەکێکیش تەنانەت بە پلیکاندا سەردەکەوێت و دێتە خوارەوە.