کۆچبەران لە ئەڵمانیا لە کرێکاریدا زۆرن و لە پۆستە باڵاکاندا کەمن
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا دیاسپۆرایەکی گەورەی کوردی هەیە و لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەشدا ژمارەیەکی زۆر کورد بوونە پەرلەمانتاری فیدراڵی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داتاکان شتی سەیر پیشان دەدەن.
فەرمانگەی فیدراڵیی ئاماری ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە، ئەوانەی لە ئەڵمانیا دەژین و بە بنەچە ئەڵمان نین (واتە پاشبنەمای کۆچبەرییان هەیە)، کەمترینیان لە بوارەکانی وەکو پۆلیسی، مامۆستایەتی، خزمەتگوزارییە داراییەکان، بەرگری و فەرمانبەری کارگێڕیدا رۆڵیان دراوەتێ و شوێنیان هەیە.
لەو بوارانەدا رێژەی کەسانی نائەڵمان لە باشترین حاڵەتدا 17% تێناپەڕێنێت، بەڵام لە بوارەکانی دیکەی وەکو کرێکاری بیناسازی، بەرهەمهێنانی خۆراک و شۆفێریدا، رێژەی کۆچبەران زۆر زیاترە لە کەسانی ئەڵمان.
67%ی ئەوانەی کرێکاری بیناسازین لە ئەڵمانیا، پاشبنەمای کۆچبەرییان هەیە، 46%ی شۆفێری پاس و ترام (یان وەکو ئەڵمان پێی دەڵێن شتراسنبان) کۆچبەرن، لە کەرتی بەرهەمهێنانی خۆراکیشدا 51%ی کرێکاران بە بنەچە ئەڵمان نین.
جگە لەوەی لە ئەڵمانیا و بە داتا فەرمییەکان دەرکەوتووە جیاوازیی گەورە لە بواری کاردا لەنێوان بە بنەچە ئەڵمان و نائەڵماندا هەیە، لە پرسی مووچەشدا جیاوازی هەیە؛ واتە تەنانەت ئەگەر کەسێکی کۆچبەر پۆستێکی باڵاشی هەبێت، هەندێکجار مەرج نییە هەمان مووچەی کەسێکی ئەڵمانی هەبێ کە پۆستێکی هاوشێوەی هەیە. ئەمە وای لە کوردێکی شاری دوسلدۆرف کردووە، پرۆژەیەکی تایبەت رابگەیێنێت.
کەسێکی چالاک لەنێو خەڵکی کوردی ئەڵمانیا، عەگید پۆزدەمیرە. عەگید لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر ئەم بابەتە کردووە، ئەو بەرپرسی رێکخراوی مۆزاییکە لە ئەڵمانیا و دەڵێت، "ئەم بابەتە مانایەکی زۆر قووڵی هەیە بۆ ئەوانەی مووچە وەردەگرن و شەڕی مافی خۆیان دەکەن. دەزانین ئەوانەی بە رەچەڵەک کۆچبەرن، لە هەمان ئاستدا نین لەگەڵ ئەوانەی کە ئەڵمانین. بۆیە کاتێک کێشەیەک هەیە لە دۆزینەوەی شوقەیەک یان بتەوێت مافەکانی خۆت بسەپێنیت، چونکە دەبینیت جیاکاری هەیە لەبەر ئەوەی تۆ بە رەچەڵەک کۆچبەریت، پاشان دەزانیت کە تۆ هەمان مافی ئەو کەسەت نییە کە ئەڵمانییە، بەتایبەتی لە بەدەستهێنانی کاردا."
بە گوتەی پۆزدەمیر، "ئەوانەی مووچە وەردەگرن، مووچەکانیان تەواو و یەکسان نین. لەدوای حەفتاکانەوە، پاش شەڕێکی زۆر، ئێستا دەبینین خەڵک لە هەمان ئاستدا نین. بۆیە ئەوانەی بە رەچەڵەک کۆچبەرن، کۆدەبنەوە و یەکێتییەک یان رێکخراوێک دروست دەکەن، بۆئەوەی مافی خۆیان وەربگرن. دەبینین ئەمڕۆ بۆشایی لەنێوان مووچەی خەڵکی ئەڵمانیای رەسەن و کەسانی بە رەچەڵەک کۆچبەر نزیکەی 70%ـە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوان بە رەچەڵەک کۆچبەرن."
بەرپرسی رێکخراوی مۆزاییک لە ئەڵمانیا، باس لەوە دەکات کە حکومەت هەوڵ دەدات رێگری لە نایەکسانیی مووچە بکات لەڕێگەی یاساکانی مافە یەکسانەکان و شەفافییەتەوە، کە لە 2006 و 2017 دەرچوون، ئەم یاسایانە ئامانجیان پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەیە کە هەمان مووچە وەربگرن، بەڵام لە ئەڵمانیا رێککەوتن و دانوستاندن هەن کە پێویستە پۆلەکانی مووچە رێکبخرێنەوە. پۆزدەمیر ئاماژە بەوە دەکات، کێشەکە ئەوە نییە کە کەسێک راستەوخۆ بڵێت کە مووچەی کەسێک کەمترە لە کەسێکی تر، بەڵکو حکومەت رێنوێنی دەدات کە پێویستە ئەو کەسە بەدوای شوێنێکی دیکەدا بگەڕێت.
عەگید رەخنە لەوە دەگرێت کە حکومەت وەکو پێویست کار ناکات بۆ نەهێشتنی جیاوازیی مووچە. ئەو دەڵێت، ئەگەر حکومەتی ئەڵمانیا هەوڵی زیاتری بدایە، ئەوا ئەو بۆشاییە گەورەیە دروست نەدەبوو کە 70% جیاوازی هەیە لەنێوان مووچەی کۆچبەران و ئەڵمانییە رەسەنەکان. جەختیش لەوە دەکاتەوە، مافی کۆچبەرانە کە شەڕ بۆ مافەکانیان بکەن و هەوڵی بەدەستهێنانی بدەن.
پۆزدەمیر ئەوەشی خستەڕوو، نایەکسانیی مووچە تەنها پەیوەست نییە بە رەگەزەوە، بەڵکو رەگەزپەرستی و رەچەڵەکی کۆچبەریش رۆڵی سەرەکی دەگێڕن. ئەو ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ رۆژی مووچەی یەکسانە و "بیرمان دەخاتەوە کە مووچەی ژنان هێشتا کەمترە لە مووچەی پیاوان، تەنها لەبەر ئەوەی رەگەزیان مێینەیە." روونیشی کردەوە، ئەگەر ژنێک رەچەڵەکی کۆچبەریی هەبێت، ئەوا بۆشایی مووچەکە بە رێژەی 20% زیاترە بەراورد بە ژنێکی ئەڵمانیی رەسەن.
هەروەها بەرپرسی رێکخراوی مۆزاییک لە ئەڵمانیا نموونەی جیاکاری لە کەرتی تەندروستیشدا دەهێنێتەوە، وەکو چۆن پزیشکانی کورد کە لە باشووری کوردستانەوە دێن، لە ئاستێکی نزمتر دادەنرێن و مووچەی کەمتریان پێ دەدرێت بەراورد بە پزیشکانی ئەڵمانی رەسەن.