ئیتاڵیا: جێبەجێکردنی مادەی 5ی رێککەوتنی ناتۆ بۆ ئۆکراینا گەرەنتیی ئاسایشی درێژخایەن دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، درێژکردنەوەی مادەی 5ی رێککەوتنی دامەزراندنی هاوپەیمانیی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا دەبێتە هۆی "گەرەنتیی ئاسایشێکی جێگیر، درێژخایەن و کاریگەر."
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئەورووپا لەبارەی ئۆکراینا لە برۆکسل، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، "پێموایە هەنگاوێکی لەو جۆرە زۆر کاریگەرتر دەبێت (لە بوونە ئەندامی ئۆکراینا لە ناتۆ). ئەوە شتێکی جیاوازە لە چوونە نێو ناتۆ، بەڵام مانای درێژکردنەوەی هەمان پاراستنە بۆ ئۆکراینا وەکو وڵاتانی ناتۆ."
بنەمای بەرگریی بەکۆمەڵ، کە لە مادەی 5ی رێککەوتنی ناتۆدا چەسپێندراوە، پابەندبوون دەخاتە ئەستۆی هەموو وڵاتانی ئەندام لە وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر هەر ئەندامێکی هاوپەیمانییەکە.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا هەروەها گوتی، بیرۆکەی ناردنی هێزی سەربازیی ئەورووپا بۆ ئۆکراینای بەلاوە باش نییە و ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەری ناردنی هێزی سەربازیی ئیتاڵیم لەم بابەتەدا رەتکردووەتەوە. پێموایە دەبێت بیر لە چارەسەری درێژخایەنتر بکەینەوە لەوانەی کە پەیوەندییان بە ناردنی هێزی سەربازییەوە هەیە."
ئەوەش لە کاتێکدایە ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رۆژی هەینی گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی راپرسی دەکات و بۆچوونی هاووڵاتییانی لەبارەی ئەگەری ئەندامێتیی داهاتووی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەورووپا وەردەگرێت.