ترەمپ دەڵێت ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارتێلەکان بە هێرشی ئاسمانی یارمەتیی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بدات

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوا لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەکات هێزی سەربازی دژی "شێرپەنجە"ی باندەکانی ماددە هۆشبەر بەکاربهێنن و پێشنیازی ئەوە دەکات بە مووشەکی ئەمریکی پشتیوانییان بکات بۆ لێدان لە سەرکردەکانیان "لە نێو ژووری دانیشتنەکەیاندا."
 
رۆژی شەممە، دۆناڵد ترەمپ لە یانەی گۆڵفەکەی خۆی لە دۆڕاڵ لە نزیک مەیامی، میوانداریی 12 سەرکردەی راستڕۆی ئەمریکای لاتین و کاریبی کرد و هاوپەیمانییەکی نوێی بە ناوی "قەڵخانی ئەمریکایەکان" دژی باندەکان راگەیاند.
 
ترەمپ بە سەرکردەکانی گوت، "بۆ هەر شتێک پێویست بێت، کارتان لەگەڵ دەکەین. مووشەک بەکاردەهێنین. دەتانەوێت مووشەک بەکاربهێنین؟ زۆر وردپێکن."
 
سەرۆکی ئەمریکا بە دەنگ لاسایی دەنگی مووشەکی کردەوەو گوتی، "'پیوو'، راستەوخۆ دەچێتە نێو ژووری دانیشتنەکەیانەوە. ئەوە کۆتایی کەسانی نێو باندەکە دەبێت. ئێمە هەرچی پێویست بێت بۆتان دەکەین."
 
شەڕی ئێران و هەڕەشە لە کووبا
 
ئەم هەڵوێستە تووندەی ترەمپ لە کاتێکدایە، کە ئێستا وڵاتەکەی لە جەنگێکی گەورەدایە لەگەڵ ئێران و هەفتەی رابردوو لەگەڵ ئیسرائیل هێرشی چڕیان کردە سەر تاران.
 
ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا هەڕەشەی لە کووبا کرد، کە بانگهێشت نەکرابوو و گوتی: "کووبا لە دواساتەکانی ژیانیدایە. پارەیان نییە، نەوتیان نییە. فەلسەفەیەکی خراپ و رژێمێکی خراپیان هەیە."
 
هاوپەیمانیی بێ بەرازیل و مەکسیک
 
لە کۆبوونەوەکەدا سەرکردە دیارەکانی وەک خافیێر میلێی، سەرۆکی ئەرجەنتین، دانیێل نۆبۆا، سەرۆکی ئیکوادۆر و نەجیب بوکێلە، سەرۆکی ئێلسالڤادۆر ئامادە بوون.
 
چەند شرۆڤەکارێک کە قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە، پێیانوایە ئامادەنەبوونی سەرۆکەکانی مەکسیک و بەڕازیل، کە چەپڕۆن، لەم هاوپەیمانییەدا، کاریگەرییەکەی لاواز دەکات، چونکە ئەو دوو وڵاتە رێڕەوی سەرەکیی ماددە هۆشبەرەکانن.
 
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی رفاند، ئێستاش لەگەڵ دێلسی رۆدریگێز کار دەکات بۆ گەیشتن بە نەوتی ئەو وڵاتە.