ئەمریکا فرۆشتنی 12 هەزار بۆمبی قورس بە ئیسرائیل پەسند دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر گرێبەستێکی فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە دەوڵەتی ئیسرائیل نیشان دا، کە نرخەکەی دەگاتە 151.8 ملیۆن دۆلار. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە هەردوو وڵات لە ناو جەرگەی جەنگێکی بەرفراوان و پڕ لە هەڵکشانی سەربازیدان لە دژی ئێران.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمیی نووسینگەی کاروباری سیاسی و سەربازی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئیسرائیل داوای کڕینی 12,000 پارچە بۆمبی قورسی کردووە کە کێشی هەر دانەیەکیان 1,000 پاوەندە (نزیكەی 470 کیلۆگرام).
 
نووسینگەی کاروباری سیاسی و سەربازی جەختی کردەوە: "ئەم فرۆشتنە پێشنیازکراوە، تواناکانی ئیسرائیل بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو باشتر دەکات، بەرگریی نیشتمانیی ئەو وڵاتە بەهێزتر دەکات و وەک رێگرێک لە بەرامبەر هەڕەشە هەرێمییەکان کار دەکات."
 
ئەم هەنگاوە نوێیەی واشنتن وەک ئاماژەیەک دەبینرێت بۆ بەردەوامیی پشتگیریی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسادا، کە تێیدا هەزاران ئامانج لە ناو خاکی ئێراندا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هەردوو وڵاتەوە بۆردوومان دەکرێن.