سێنتکۆم ئاماری نوێی جەنگی بڵاوکردەوە: زیاتر لە 13 هەزار ئامانج و 155 کەشتی تێکشکێندراون
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) نوێترین ئاماری ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسای بڵاوکردەوە. بەگوێرەی سوپای ئەمریکا، زیاتر لە 13 هەزار ئامانج لەنێو خاکی ئێران پێکراون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکان لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە بەم شێوەیە بووە:
ئامانجە پێکراوەکان: زیاتر لە 13,000 ئامانج لە ناو خاکی ئێراندا بۆردوومان کراون.
زیانە دەریاییەکان: زیاتر لە 155 کەشتی و ژێردەریایی و بەلەمی جەنگیی ئێران تێکشکێندراون یان زیانی قورسیان بەرکەوتووە.
ئەمریکا بەهێزترین و پێشکەوتووترین چەکەکانی خۆی لەم جەنگەدا بەکارهێناوە کە لە سێنتکۆم بەمجۆرە پۆلێنی کردوون:
لە ئاسمانەوە: فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی بی1، بی2 تارمای، بی52، ئێف22، ئێف35، ئێف18، ئێف16، ئێف15، هێلیکۆپتەرەکانی ئەپاچی، سی هۆک و درۆنەکانی لوکاس و ئێم کیو9.
لە دەریاوە: کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە ئەتۆمییەکان، ژێردەریاییە ئەتۆمییەکان، کەشتییە تێکشکێنەرەکان و کەشتیی هێرشبەر.
لە وشکانییەوە: سیستمە مووشەکییەکانی تاد، هیمارس، پاتریۆت و دژە درۆن.
وەک سێنتکۆم دەڵێ، هێزەکانی ئەمریکا لەم ئۆپەراسیۆنەدا جومگە هەستیارەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لەوانە:
- ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ و بارەگاکانی سوپای پاسدارانی ئێران.
- ناوەندە هەواڵگرییەکان و سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان.
- سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەکی بالیستی و مووشەکی دژەکەشتی.
- کارگەکانی بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەک، لەگەڵ کۆگە ژێرزەمینییەکانی چەک.
- ژێرخانی پشتگیریی سەربازی و ناوەندەکانی پەیوەندی.
سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە هەڵوەشاندنەوەی دەزگە ئەمنییەکانی ئێرانە و لەو شوێنانەوە دەستیان پێکردووە کە هەڕەشەی دەستبەجێیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەبووە. ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاودەبنەوە، جەنگی ئێران پێی ناوەتە دووەم مانگی خۆیەوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوایین مۆڵەتی بۆ تاران دیاریکردووە تاوەکو رێککەوتن واژۆ بکەن و تەنگەی هورمز بکەنەوە.