ترەمپ: ئەگەر تاوەکو وادەی دیاریکراو رێککەوتن نەکرێت هێرشەکەمان دەکەینە سەر ئێران

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا جەخت لە وادەی کۆتایی خۆی بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازیی گەورە لە ئێران دەکاتەوە و رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو کاژێر 8:00ی ئێوارە بە کاتی واشنتن هیچ پێشکەوتنێکی کۆنکرێتی لە دانوستاندنەکاندا بەدی نەکرێت، هێرشێک ئەنجام دەدەن کە پێشتر وێنەی نەبووبێت.
 
رۆژی سێشەممە، 7ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیوزی راگەیاند، هەرچەندە نایەوێت هیچ رێژەیەکی سەدی بۆ سەرکەوتنی دانوستاندنەکان دابنێت، بەڵام وادەی کاژێر 8ی ئێوارە بەکاتی واشنتن (کاژێر 3:00ی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەکاتی هەولێر) وەک خۆیەتی و پلانە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەرەو پێش دەچن.
 
ترەمپ گوتی، "ئەگەر بگەینە ئەو ساتە و رێکنەکەوتبین، هێرشێک دەکەین کە تاوەکو ئێستا نەیاندیبێ." سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەو حەز بە ئەنجامدانی ئەم هێرشە ناکات، بەڵام هەڵوێستی تاران لەسەر مێزی گفتوگۆ دیاری دەکات کە ئایا بڕیارەکە دەگۆڕدرێت یان نا.
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە حاڵەتێکدا پلانەکە رادەگرێت کە ئەمڕۆ لە دانوستاندنەکاندا شتێکی کردەیی و روون بێتە کایەوە. تاوەکو ئێستاش واشنتن لەسەر ئەو پلانانە بەردەوامە کە بۆ وەشاندنی گورزی نوێ لە ئێران ئامادەی کردوون.
 
بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 8:00ی ئێوارە بە کاتی واشنتن (سبەی کاژێر 3:00 بە کاتی هەولێر) دوایین مۆڵەتی ئەمریکا بۆ ئێران کۆتایی بێت ئەگەرنا ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و ناوەندەکانی دیکەی وزەی ئەو وڵاتە بە ئامانج بگرن. 
 
ئەمڕۆش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیال بڵاویکردەوە، ئەگەر بەرپرسانی ئێران رازی نەبن بە مەرجەکانیان ئەوا تەواوی "شارستانیەتی ئێران" لەنێو دەبەن. 
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێشی.