کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لە هیندستان و پاکستان دەکەن شەڕەکە گەورە نەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هیندستان و پاکستان نزیکبوونەتەوە لە گەورەترین رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئەم پێشهاتەش نیگەرانی لای وڵاتانی جیهان دروستکردووە. چەندین حکومەت داوای دانبەخۆداگرتن لە هەردوو وڵات دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا رایگەیاند: "خەڵک دەیزانی شتێک روودەدات، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەزموونی رابردوو کە ئەو دوو وڵاتە لەمێژە شەڕیانە؛ هیوادارم زوو کۆتایی بێت."
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە ئێکس رایگەیاند: "لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەم و هانی هەردوو سەرکردایەتیی پاکستان و هیندستان دەدەم کار بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە بکەن."
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی "نیگەرانە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هیندستان لە ناوچە سنوورییەکانی کشمیر" و داواش دەکات هەردوولا دان بەخۆیاندا بگرن، "چونکە جیهان بەرگەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان هیندستان و پاکستان ناگرێت."
لین جیێن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتی: "چین نیگەرانی خۆی دەردەبڕێ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ھیندستان. داوا لە هەردوولا دەکەین لەپێناو بەرژەوەندی هەموو لایەک، بە ئارامیی مامەڵە بکەن، هێمن بن و دان بە خۆیاندا بگرن لە هەر کردارێک کە رەنگە دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات."
ئەڵمانیاش گوتی، دەبێت رێگری لە "زیادبوونی گرژییەکان و رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان" بکرێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "هەنگاوی بەرپرسیارانە لە لایەن هەردوولاوە پێویستە".
ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند: "داوا لە هەردوو وڵاتی هیندستان و پاکستان دەکەین کە دان بە خۆیاندا بگرن و رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان بکەن. هیچ کەسێک لە رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی نێوان هیندستان و پاکستان قازانج ناکات."
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەدا: "زۆر نیگەرانین لە زیادبوونی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان هیندستان و پاکستان، دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی نزیک پەهەلگەم. داوا لە لایەنەکان دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن بۆ رێگریگرتن لە خراپتربوونی دۆخی ناوچەکە."
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "نیگەرانیی قووڵی خۆمان سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکان لەنێوان ھیندستان و پاکستان دەردەبڕین و داوا لە ھەردوولا دەکەین، دان بە خۆیاندا بگرن".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هۆشداری دا لە زیادبوون و فراوانبوونی ئەو ناکۆکییە و رایگەیاند: "هێرشەکەی شەوی رابردووی هیندستان مەترسیی سەرهەڵدانی جەنگێکی فراوانتری لێدەکرێت. ئێمە ئەم کارە دنەدانە و هێرشەکان بۆ سەر هاووڵاتییان و ژێرخانی سڤیل، سەركۆنە دەکەین."