ئەڵمانیا سێ هەزار پۆلیسی زیاتر دەنێرێتە سنوورەکان بۆ رێگری لە پەڕینەوەی کۆچبەران
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی نوێی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرتس فەرمانی بە پۆلیس کرد رێگە لە کۆچبەرانی نایاسایی بگرێت و داواکاریی زۆربەی پەناخوازانیش رەتبکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 07-05-2025 لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێدا، حکومەتی ئەڵمانیا بڕیارێکی لەبارەی کۆچبەران و پەناخوازان دەرکرد.
ئەلیکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە فەرمانی کرد سێ هەزار پۆلیسی زیاتر رەوانەی سنوورەکانی وڵاتەکەی بکرێن و بەو جۆرەش ژمارەی پۆلیس لە سنوور بگەیێنێتە 14 هەزار کەس. ئەم هەنگاوە بۆ رێگریکردنە لە پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ نێو ئەڵمانیا.
دۆبرینت گوتی: "ئەمە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی پۆلیس توانای رێگەگرتنی لە کۆچبەران هەبێت."
لە ساڵی 2015 دا ئەڵمانیا بڕیارێکی دەرکرد و دەرگەی بۆ کۆچبەران کردەوە. ئەلیکساندەر دۆبرینت ئەو بڕیارەی راگرت.
وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە فەرمانی کردووە، داواکاریی بەشێکی زۆری پەناخوازان رەتبکرێتەوە، بەڵام بڕیارەکە منداڵ و ژنانی دووگیان ناگرێتەوە.
پێشتر مێرتس کە سەرکردەی هاوپەیمانیی CDU/CSUـە، بەڵێنی دابوو ژمارەی وەرگرتنی کۆچبەران و پەناخوازان کەمبکاتەوە و سنوورداری بکات.
دوای بڕیارە نوێکەی دۆبرینت، هەر پۆلیسێکی سنوور نزیکەی 12 کاژێر ئەرکی دەکەوێتە ئەستۆ تاوەکو یاساکانی سنوور بەتەواوی جێبەجێ دەکرێن.
ئەندریاس رۆسکۆف، بەڕێوەبەری پۆلیسی فیدراڵی رایگەیاند: "لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ، بڵاوەپێکردنی پۆلیس دەستی پێکردووە."
پێش راگەیاندنی کابینەی حکومەت، هاوپەیمانییەکەی مێرتس و پارتی سۆسیال دیموکرات رێککەوتنی هاوپەیمانێتییان واژۆکرد، کە وەکو نەخشەڕێگەی سیاسیی چوار ساڵی داهاتووی ئەڵمانیایە.
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، ئەگەر کەسێک گەیشتە ئەڵمانیا و بەڵگەنامەی یاسایی پێنەبوو، رێگەی پێنادرێت بچێتە ژوورەوە. ئەو بڕیارە ئەوانەش دەگرێتەوە کە داوکاریی پەناخوازییان پێشکێشکردووە. هەرچەندە بەشی دووەمی بڕیارەکە لەبارەی پەناخوازان، نیگەرانیی لای بەشێک لە ئەندامانی SPD دروستکردووە و دەڵێن: "ئەمە لەگەڵ یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا یەکناگرێتەوە."
رێککەوتنەکە هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، لە سنوورەکانی ئەڵمانیا پشکنینی چڕتر بکرێت. پۆلیسی ئەڵمانیا پێشتر داوای زیادکردنی ژمارەی هێزەکانیان کردبوو بەهۆی ئەوەی "ژمارەی پۆلیسی سنوور کەمە."