کۆریای باکوور: بە هیچ جۆرێک پابەندی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی نابین

رووداو دیجیتاڵ
 
نێردەی کۆریای باکوور بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هیچ جۆرە گوشارێکی دەرەکی ناتوانێت پێگەی ئەوان وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی بگۆڕێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026، میدیای فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم سۆنگ، نێردەی باڵای پیۆنگیانگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی پێداچوونەوەی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) لە نیویۆرک گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکە بەبێ بنەما گومان دەخەنە سەر پێگە و مافە سەروەرییەکانی کۆریای باکوور، بەڵام پێگەی وڵاتەکەی ئێمە وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی بە قسەی دەرەکی و ئارەزووی تاکلایەنە ناگۆڕێت."
 
نێردەکەی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەش کرد، پێگەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی لە "دەستووردا جێگیر کراوە" و پرەنسیپەکانی بەکارهێنانی ئەو چەکانەش بە روونی دیاریکراون. گوتیشی: "کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریا لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا پابەندی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی نابێت."
 
پیۆنگیانگ مێژوویەکی درێژی لەگەڵ پەیماننامەی (NPT) هەیە؛ لە ساڵی 1993 بۆ یەکەمجار هەڕەشەی کشانەوەی کرد و لە ساڵی 2003دا بە فەرمی لێی کشایەوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، ئەو وڵاتە شەش تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی کردووە، ئەوەش بووەتە هۆی سەپاندنی زنجیرەیەک سزای قورسی نێودەوڵەتی بەسەریدا. بەپێی خەمڵاندنە هەواڵگرییەکان، ئێستا کۆریای باکوور خاوەنی دەیان کڵاوەی ئەتۆمییە.
 
ئەم لێدوانانەی نێردەی کۆریای باکوور لە کاتێکدا دێن، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و هۆشداری داوە لەوەی "رووحیپەیماننامەکە خەریکە دادخورێت" و متمانە لە نێوان هێزە ئەتۆمییەکاندا گەیشتووەتە نزمترین ئاست.
 
بەپێی نوێترین راپۆرتی پەیمانگای نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی (SIPRI)، تاوەکو سەرەتای ساڵی 2025، نۆ دەوڵەتە ئەتۆمییەکەی جیهان (رووسیا، ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین، هیندستان، پاکستان، ئیسرائیل و کۆریای باکوور) پێکەوە خاوەنی 12 هەزار و 241 کڵاوەی ئەتۆمین. لەو ژمارەیەش، ئەمریکا و رووسیا بە تەنیا 90٪ی سەرجەم چەکە ئەتۆمییەکانی جیهانیان بەدەستەوەیە.
 
پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان پیۆنگیانگ و مۆسکۆ لە ساڵی رابردوودا، بووەتە هۆی زیاتر نیگەرانکردنی وڵاتانی رۆژئاوا. دوای ئەوەی کۆریای باکوور سەرباز و تەقەمەنی بۆ پشتیوانیی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا رەوانە کرد، لە بەرامبەردا هاوکاریی تەکنیکی و سەربازیی پێشکەوتووی لە مۆسکۆ وەرگرت، ئەمەش وایکردووە کۆریای باکوور بە بڕوابەخۆبوونێکی زیاترەوە رووبەڕووی گوشارە نێودەوڵەتییەکان ببێتەوە.