راپۆرتێک: کۆگەکانی پاتریۆتی ئەمریکا بەرەو بەتاڵبوون دەچن
رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی چاوەڕێی بڕیاری واشنتن دەکەن، لە کاتێکدا راپۆرتە نوێیەکان پەردە لەسەر "راستییەکی تاڵ" لادەدەن. جەنگی ئەمریکا و ئێران وایکردووە کۆگەکانی مووشەکی "پاتریۆت" بەرەو بەتاڵبوون بچن، ئەمەش کیێڤی خستووەتە بەردەم مەترسیی بۆردوومانە بێبەزەییەکانی رووسیا.
گۆڤاری "فۆرین پۆڵەسی" (Foreign Policy) لە راپۆرتێکی ورد دا ئاشکرای کردووە، هەموو شتێک بە دۆخی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەستراوەتەوە. لەو کاتەوەی جەنگی ئەمریکا و ئێران لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، واشنتن نزیکەی نیوەی کۆی یەدەگی مووشەکە پاتریۆتەکانی (کە بە 2 هەزار و 330 مووشەک مەزەندە دەکرێت) بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکە بالیستییەکانی تاران بەکارهێناوە.
پڕۆگرامی 'پورڵ'؛ چەک بە پارە نەک بە دیاری
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە تەممووزی 2024ـەوە شێوازی هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراینا گۆڕیوە؛ چیدی مووشەکەکان بە دیاری ناداتە کیێڤ، بەڵکو لەڕێگەی پڕۆگرامێکی نوێوە بە ناوی "پورڵ" (PURL) دەیانفرۆشێتە وڵاتانی ناتۆ و ئەوانیش دەیدەنە ئۆکراینا.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات، ترەمپ ئەم پڕۆگرامە وەک کارتێکی گوشار بەکاردێنێت و هەڕەشەی راگرتنی هاوکارییەکانی کردووە ئەگەر ئەورووپییەکان لە جەنگی ئێران و پرسی تەنگەی هورمزدا پشتگیریی تەواوی واشنتن نەکەن.
دۆخی ئۆکراینا کاتێک ئاڵۆزتر بوو کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بە راشکاوی رایگەیاند: "کۆتاییهێنان بە هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکراینا، یەکێکە لەو کارانەی کۆشکی سپی کە زۆرترین شانازیی پێوە دەکەم." هاوکات پنتاگۆنیش هۆشداری داوە نابێت ئۆکراینا تەنیا پشت بە کۆگەکانی ئەمریکا ببەستێت، چونکە واشنتن دەبێت مووشەکی پێویستی بۆ جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت.
ئەورووپا دەست بۆ گیرفانی دەبات
لە بەرامبەر پاشەکشەی ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپا 106 ملیار دۆلاریان بۆ هاوکاریی ئۆکراینا تەرخان کردووە. لەو چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای "رەیسۆن"ی ئەمریکی گرێبەستێکی 3.7 ملیار دۆلاری لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆ کردووە بۆ دروستکردنی نەوەی کۆنی مووشەکی پاتریۆت (PAC-2) تاوەکو بیدەنە کیێڤ. بەڵام ئەمە چارەسەرێکی خێرا نییە، چونکە دروستکردنی هەر مووشەکێکی نوێی پاتریۆت پێویستی بە سێ ساڵ و نیو کات هەیە.
سیستمی "پاتریۆت" (Patriot) بە پێشکەوتووترین چەکی بەرگریی ئاسمانی لە جیهاندا دادەندرێت. ئێستا کیێڤ لەنێوان دوو بەرداشی جەنگدایە؛ لە لایەک هێرشە مووشەکییەکانی پوتین و لە لایەکی دیکەش پەککەوتنی گەیشتنی مووشەکی بەرگری بەهۆی جەنگی ئێران و ستراتیژیی "ئەمریکا لەپێش هەموو شتێکە"ی تیمی ترەمپ.