ڤایرۆسی هانتا لەناو کەشتیی هۆندیۆس؛ چی لەبارەی دەزانین؟


رووداو دیجیتاڵ

کەشتیی گەشتیاریی (MV Hondius) کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی دەگمەنەوە سێ کەس تێیدا گیانیان لەدەستداوە، ئێستا لە کۆماری کەیپ ڤێردییەوە بەرەو دوورگەی تێنێریفی ئیسپانیا بەڕێوەیە. بڕیارە لەوێ سەرنشینان و تیمی کەشتییەکە کە لەژێر کەرەنتینەی توونددان، دابەزێندرێن. ئەم رووداوە لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە بووەتە جێگەی بایەخی میدیا جیهانییەکان.
 
کێ لەناو کەشتییەکەدایە؟
 
کۆمپانیای (ئۆشنواید ئێکسپێدیشنز)ـی هۆڵەندی کە سەرپەرشتیی کەشتییەکە دەکات، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە، 149 کەس لەناو کەشتییەکەدان. ئەم کەسانە خەڵکی 23 وڵاتی جیاوازن؛ زیاتر لە 80 گەشتیاری تێدایە زۆرینەیان بەریتانی، ئەمریکی و ئیسپانین، زۆرینەی تیمی کارمەند و کارگوزارانی کەشتییەکەش خەڵکی فلیپینن. 
 
دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە سێ کەس کە گومانی تووشبوونیان لێدەکرا گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە، کۆمپانیاکە دەڵێ، ئێستا "هیچ کەسێک کە نیشانەی نەخۆشییەکەی تێدا بێت لەناو کەشتییەکە نەماوە."
 
حاڵەتەکانی تووشبوون
 
بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی تەندروستی، تاوەکو ئێستا سێ حاڵەتی پشتڕاستکراوەی ڤایرۆسی هانتا هەن: ژنێکی هۆڵەندی کە لە نەخۆشخانەیەکی یۆهانسبرگ گیانی لەدەستدا، پیاوێکی بەریتانی کە لە هەمان شار لەژێر چارەسەردایە و هاووڵاتییەکی سویسری کە لە نەخۆشخانەیەکی زوریخە و لە دوورگەی سانت هێلێنا لە کەشتییەکە دابەزیبوو. جگە لەمانە، پێنج حاڵەتی گوماناوی هەن؛ دووانیان گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسەکەی دیکەش لە کەشتییەکە گواستراونەتەوە.
 
سێ گیانلەدەستدانە تەمومژاوییەکە
 
یەکەم قوربانییەکان ژن و مێردێکی هۆڵەندی بوون. پیاوەکە کە تەمەنی 70 ساڵ بوو، لە 6ـی نیسان نیشانەکانی لێدەرکەوت و لە 11ـی نیسان گیانی لەدەستدا. 
هاوژینە 69 ساڵەکەی کە ئەویش باری تەندروستی تێکچوو، لە دوورگەی سانت هێلێنا دابەزی، بەڵام لەکاتی گەشتە ئاسمانییەکەیدا بەرەو یۆهانسبرگ دۆخی تێکچوو و رۆژێک دوای گەیشتنی گیانی لەدەستدا؛ لە 4ـی ئایار پشتڕاستکرایەوە کە تووشی ڤایرۆسی هانتا بووە. 
 
کەسی سێیەم گەشتیارێکی ئەڵمانی بوو، رۆژی 28ـی نیسان تووشی تا و هەوکردنی سییەکان بوو و لە 2ـی ئایار گیانی لەدەستدا، تەرمەکەی هێشتا لەناو  کەشتییەکەدایە.
 
گواستنەوەی نەخۆشەکان بە فڕۆکە
 
گەشتیارێکی بەریتانی لە 24ـی نیسان نیشانەکانی تێدا دەرکەوت و لە دوورگەی (ئەسێنشێن)ـەوە بە فڕۆکەیەکی فریاگوزاری بۆ ئەفریقای باشوور گواسترایەوە و ئێستا لە ژێر چاودێریی ورددایە. هەروەها دوو کارمەندی کەشتییەکە (بەریتانی و هۆڵەندی) لەگەڵ گەشتیارێکی دیکە رۆژی چوارشەممە لە کەیپ ڤێردییەوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیێندرانە ئەمستەردام.
 
ڤایرۆسەکە چەندە مەترسیدارە؟
 
ئەم ڤایرۆسە دەگمەنە زۆرجار لە رێگەی جرج و مشکی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەتایبەت لە رێگەی میز و لیکیانەوە. تاقیگەکان لە سویسرا و ئەفریقای باشوور پشتڕاستیان کردەوە، جۆری ڤایرۆسەکە بریتییە لە (ئەندێز - Andes)، کە تاکە جۆری ئەم ڤایرۆسەیە دەکرێت لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە. تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی دیاریکراو بۆ ئەم ڤایرۆسە نییە، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەڵێ مەترسییەکە بۆ سەر خەڵک لە ئاستێکی نزمدایە، چونکە پێویستی بە بەریەککەوتنی زۆر نزیک هەیە بۆ بڵاوبوونەوە.
 
بەدواداچوون بۆ گەشتیاران
 
رێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەستی بە گەڕان بەدوای ئەو کەسانەدا کردووە کە لە 25ـی نیسان لە هەمان گەشتی ئاسمانیی ژنە هۆڵەندییەکەدا بوون. کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (KLM) رایگەیاندووە، یەکێک لە کارمەندەکانی سەر فڕۆکەکە نیشانەی سووکی لێدەرکەوتووە و ئێستا لەژێر پشکنیندایە. 
 
لە سەنگاپوورەش دوو کەس کە لەناو کەشتییەکەدا بوون کەرەنتینە کراون. هەروەها لە دوورگەی سانت هێلێنا داوا لەو کەسانە کراوە کە بەریەککەوتنیان هەبووە، بۆ ماوەی 45 رۆژ خۆیان کەرەنتینە بکەن. وەزارەتی تەندروستیی ئەرجەنتینیش تیمێکی پسپۆڕی ناردووە بۆ ناوچەی ئوشوایا بۆ پشکنینی مشک و جرجەکانی ئەو ناوچەیە.
 
گەشتەکە چۆن دەستیپێکرد؟
 
گەشتەکە لە یەکی نیسان لە باشووری ئەرجەنتینەوە دەستیپێکرد. کەشتییەکە بە چەندین دوورگەی زەریای ئەتڵەسیدا تێپەڕی. گەشتیارێکی تورک بە ناوی (روحی چێنەت) کە لە سانت هێلێنا دابەزیوە، گوتی، دوای مردنی یەکەم کەسیش ژیان لەناو کەشتییەکەدا ئاسایی بووە و هەمووان پێکەوە نانیان خواردووە و ماسکیان بەکارنەهێناوە.
 
هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت؟
 
وەزارەتی تەندروستیی ئیسپانیا رایگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت کەشتییەکە رۆژی یەکشەممە بگاتە دوورگەی تێنێریف و لە 11ـی ئایارەوە دەست بە دابەزاندنی سەرنشینان دەکرێت لەژێر چاودێریی تووندی تەندروستیدا.