لە ڤیەننا یادی 50 ساڵەی گەیشتنی یەکەمین پەنابەرانی کورد بۆ نەمسا کرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

50 ساڵ دوای گەیشتنی 96 پەنابەری کورد بۆ نەمسا، لە ڤیەننای پایتەخت بە دروشمی "بژی نەمسا" یادی ئەو مێژووە دەکرێتەوە. 
 
ئەو شەپۆلەی ئەو کاتە بە پەنابەریی سیاسیی گرووپێکی بچووک دەستی پێکردبوو، لە ماوەی پێنج دەیەدا گۆڕا بۆ کۆمەڵگەیەکی کوردی کە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر گەشە دەکات. 
 
رێوڕەسمەکە لەلایەن نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەمسا ساز کرا و نزیکەی 150 میوان ئامادە بوون.
 
تەوەری سەرەکی تەنیا یادکردنەوە نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پەیوەندییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی نێوان کورد و نەمسایە.
 
د. هاینز فیشەر، سەرۆککۆماری پێشووی نەمسا دەڵێت: "ئەو کوردانەی لە نەمسان، لە ئاسایشدان، لێرە جێگیر بوون و لە بواری سەرنجڕاکێشدا کاردەکەن. بۆ ئەو کوردانەشی کە هێشتا لە تورکیا، ئێران، سووریا و شوێنەکانی دیکەن، تەنیا دەتوانم ئاواتەخواز بم بەوەی بتوانن بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەردەوام بن لە ژیانیان و ئەو خواستەیان کە رۆژێک لە چوارچێوەی یەکێتییەکی دەوڵەتیدا پێکەوە بژین، بێتە دی."
 
ئەم چالاکییە، کە تێیدا کەسایەتییە گرنگەکانی سیاسەتی نەمسا و هەرێمی کوردستان ئامادە بوون، ئەوە نیشان دەدات کە چۆن ئەم پەیوەندییە لە ماوەی چەندین ساڵدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەمڕۆ رەوەندی کوردی چ رۆڵێک دەگێڕێت.
 
د. پیرۆت ئەحمەد ئیبراهیم، سیاسەتڤان و باڵیۆزی پێشووتری عێراق لە سویسرا دەڵێت: "لەڕاستیدا کەم کوردیان دەناسی، ئەوپەڕی دەیانگوت 'بارزانیت؟' دەمانگوت 'بەڵێ'. بەس ئێستا پەیوەندییەکی زۆر باش هەیە، زۆر باش لەیەکدی تێدەگەن. ژن و مێردایەتی پەیدابووە لەنێوان خەڵکی پەنابەر و خەڵکی نەمسا، بەڵام دەبینم پێشکەوتنێکی زۆر هەیە. هەر لەو دانیشتنەی ئەمڕۆ کە بینیتان کە چەندین کەسایەتیی گرنگ و سەرۆککۆماری [پێشووی] نەمسا ئامادە بوو. چەندین خەڵکی دیکە یارمەتییان داوین. ئێمە زۆر سوپاسی گەلی نەمسا دەکەین کە بەوشێوەیە ئێمەیان وەرگرت." 
 
لە هەمان کاتدا، پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن دەکرێت ئەم پەیوەندییانە لە داهاتوودا زیاتر بەهێز بکرێن.
 
پێش 50 ساڵ، یەکەمین پەنابەرانی کورد لە باشووری کوردستانەوە کۆچیان بۆ نەمسا کرد. ئەمڕۆ لێرە چیرۆکی ئەوان و چۆنیەتی گەشەکردنی کۆمەڵگەی کوردی لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا یاد کرایەوە. هەموو چاوەکان لەسەر سەرکەوتنی گەورەترن.