مایک واڵتز بۆ رووداو: لە بەرژەوەندیی جیهاندایە پشتگیری لە رەشنووسی بڕیارنامەی تەنگەی هورمز بکات


رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند، رەشنووسی بڕیارنامە نوێیەکەیان سەبارەت بە (تەنگەی هورمز) بە تەواوی لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت و لە بەرژەوەندیی هەموو جیهاندایە پاڵپشتیی بکەن.
 
مایک واڵتز، بە نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداوی لە نیویۆرک گوت، بڕیارنامەکە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبەکانی کەنداو داڕێژراوە. گوتیشی: "پێشتر کەس دژی بڕیارنامەی ژمارە 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایش نەبوو کە تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر ژێرخانی سڤیل کرد، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەم رەشنووسە نوێیەش کۆدەنگی هەبێت."
 
باڵیۆزی ئەمریکا گوتی، نابێت رێگە بدرێت هیچ وڵاتێک بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە پەنا بۆ مینڕێژکردنی زەریاکان ببات و گوتی: "دەبێت جیهان هەڵوێستێکی روونی هەبێت؛ ناکرێت تەنگە نێودەوڵەتییەکان، چ تەنگەی مالاکا بێت، یان گیبراڵتار [جەبەل تارق] و هورمز، وەک سەرچاوەیەک بۆ کۆکردنەوەی داهات و وەرگرتنی پارە لە جیهان بەکاربهێندرێن."
 
واڵتز تیشکی خستە سەر رەهەندە مرۆییەکانی قەیرانەکە و رایگەیاند، ئێستا پێداویستییەکی مرۆیی زۆر لە ئەفریقا، بەتایبەت لە سوودان و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ هەیە. واڵتز گوتی: "زیاتر لە 80 ئاژانسی مرۆیی داوا دەکەن رێگە بدرێت هاوکارییەکان تێپەڕ بن. کێ هەیە دژی گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی لێقەوماو بوەستێتەوە؟"
 
ئەم لێدوانانەی واڵتز لە کاتێکدا دێن، ئەمریکا هەوڵدەدات لە رێگەی نەتەوە نەکگرتووەکانەوە گوشارە یاسایی و سیاسییەکانی سەر تاران زیاد بکات بۆ دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بەو ئاستەنگانەی بۆ هاتوچۆی کەشتیوانی دروستی کردوون.
 
دەقی گفتوگۆی رووداو و مایک واڵتز:
 
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، چۆن دڵنیا دەبنەوە لەوەی کە رووسیا و چین ڤیتۆ دژی رەشنووسی بڕیارنامەکەتان بەکارناهێنن؟
 
مایک واڵتز: بە روونی، لە بەرژەوەندیی جیهاندایە کە پشتگیریی ئەم بڕیارنامەیە بکات. کەس دژی [بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش] ژمارە 2817 نەبوو، کە ئێرانی بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی سڤیل سەرکۆنە کرد. 136 لایەن پاڵپشتیان کرد. ئێمە ئەم بڕیارنامەیەمان بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبەکانی کەنداو بە شێوەیەک داڕشتووە کە بە تەواوی لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا دەگونجێت. دەبێت جیهان هەڵوێستێک وەربگرێت کە ناکرێت هەڕەمەکیانە مین بخەیتە ناو زەریاکانەوە تەنیا لەبەر ئەوەی ناکۆکیت لەگەڵ لایەنێکی دیکەدا هەیە. ناکرێت، جا تەنگەی مالاکا بێت، تەنگەی گیبراڵتار، یان تەنگەی بێرینگ بێت، وەک سەرچاوەیەکی داهات سەیریان بکەیت و دەست بکەیت بە پارە وەرگرتن لە تەواوی جیهان. بابەتەکە هێندە سادەیە. هەروەها، پێداویستییەکی مرۆیی راستی هەیە، بەتایبەتی لە ئەفریقا، کە قەیرانی بەردەواممان لە سوودان و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و شوێنەکانی دیکە هەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات، ئاژانسەکانی هاوکاریی مرۆیی داوا دەکەن — کە بە بیرتان بێنمەوە زیاتر لە 80 ئاژانسن — کە تکایە رێگە بدەن ئەم هاوکارییە مرۆییە رزگارکەرانە تێپەڕ بن. کێ دژی ئەوە دەوەستێتەوە؟