هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیا؛ 4 کورد لە لەندەن بەربژێرن

 
رووداو دیجیتاڵ 

 لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیا، 4 کورد بەربژێرن و چاوەڕوان دەکرێت پارتی ریفۆرمی راستڕۆ و سەوزەکان سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن، لە بەرامبەریشدا پارتی کرێکارانی فەرمانڕەوا رووبەڕووی شکست ببێتەوە. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-5-2026، بنکەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری بەریتانیا کرانەوە. بڕیارە دەنگدەران ئەنجوومەنە خۆجێی و شارەوانییەکانی بەریتانیا هەڵبژێرن، هەروەها پێکهاتەی پەرلەمانەکانی سکۆتلاند و وێڵزیش یەکلا بکەنەوە.
 
لەم هەڵبژاردنەدا 4 بەربژێری کورد لەسەر پارتە جیاوازەکانی بەریتانیا خۆیان بۆ ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی لەندەن بەربژێر کردووە، کە بریتین لە (عەباس حەمە فەتاح ناسراو بە رێباز بۆ شارەوانیی ئیسلینگتن، رزگار عەلی بۆ شارەوانیی بێتنال گرین ئیست، شاد وشیار بۆ شارەوانیی وێست مینستەر و هەروەها سەرباز بەرزنجی بۆ شارەوانیی لامبێس).
 
بەگوێرەی راپرسییەکان، لەم هەڵبژاردنەدا پارتی ریفۆرمی راستڕۆ و سەوزەکانی باڵی چەپ، دەستکەوتی گەورە بەدەستدەهێنن، لە کاتێکدا پارتی کرێکارانی فەرمانڕەوای چەپی ناوەند ئەگەری هەیە تووشی شکستێکی گەورە ببێت؛ ئەمەش گوشاری زیاتر دەخاتە سەر کیەر ستارمەری سەرۆکوەزیران کە رەخنەی زۆری لە حکومەتەکەی دەگیرێت.
 
رێباز حەمە فەتاح، یەکێک لە بەربژێرەکانی پارتی کۆنزەرڤاتیڤ بە رووداو دیاسپۆرای راگەیاند، ئەوان وەک پارتی کۆنزەرڤاتیڤ گرووپێکیان لە پەرلەمانی بەریتانیا بە ناوی "کۆنزەرڤاتیڤ فرێند ئۆف کوردیش" دامەزراندووە و کار و لۆبی بۆ کورد دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە گرنگە کورد بەشداریی سیاسی لە بەریتانیا زیاد بکات تاوەکو بتوانن بەو ئەزموونەی لەوێ کۆی دەکەنەوە، خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن.
 
نەبەز بازیانی، چاوەدێری هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا بە رووداو دیاسپۆرای راگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاریی گەورە بەسەر نەخشەی سیاسیی بەریتانیادا دەهێنێت و چاوەڕوان دەکرێت پارتی راستڕۆ دەنگی زۆر بەدەستبهێنێت. بازیانی گوتیشی کە دیسان لەم هەڵبژاردنەشدا پرسی پەنابەران بابەتی سەرەکییە و پارتە دژە بیانی و پەنابەران بەهێز دەبن.
 
شیروان زرار نەبی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە بۆ چاوەدێریکردنی پڕۆسەکە لە بەریتانیایە، بە رووداو دیاسپۆرای راگەیاند، 5 هەزار ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە سەرتاسەری بەریتانیا هەڵدەبژێردرێن. 

 

گوتیشی: "ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا باڵکێش بووە، ئەوەیە کە پڕۆسەکە زۆر بە ئارامی بەڕێوەدەچێت. هاووڵاتیان لە تەمەنی 16 ساڵییەوە مافی دەنگدانیان هەیە و تەنیا کۆمیسیۆنی بەریتانیا سەرپەرشتیی هەموو پڕۆسەکە دەکات و پارتە سیاسییەکانیش نوێنەریان لە بنکەکانی دەنگداندا نییە."