ترەمپ: زللـەیەکی سووکمان لە ئێران دا و ئاگربەست بەردەوامە

 
رووداو دیجیتاڵ 

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو هێرشە تۆڵەسەندنەوانەی کرانە سەر ئامانجە ئێرانییەکان دوای هێرشەکانی ئێران، تەنیا وەک "زلـلەیەکی سووک" وایە. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی (ABC)ـی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشانەی وڵاتەکەی وەک وەڵامێک بۆ سەر ئێران ئەنجامی داون، تەنیا "زلـلەیەکی سووک" بوون و گوتیشی: "ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەردەوامە و لە بواری جێبەجێکردندایە."
 
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست و لە چەند کاژێری رابردوودا دەنگی چەندین تەقینەوە لە رۆژئاوای تاران بیستراوە. هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە کە هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز. سێنتکۆمیش رایگەیاند، وەڵامی هێرشەکانی ئێرانیان داوەتەوە.
 
ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان هەردوولا لە لێواری هەرەسهێناندایە و دۆناڵد ترەمپ پێشتر هۆشداریی دابوو کە ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییە ئەمریکییەکان، ئەوا بە تووندی وەڵامیان دەدەنەوە.