دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران: زۆر بەهێزتر لێتان دەدەینەوە ئەگەر زوو رێککەوتنەکە واژۆ نەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هێزەکانیان هێرشکارەکانیان بە تەواوی تێکشکاندووە و ژمارەیەکی زۆر لەو بەلەمە بچووکانەی کە ئێران وەک جێگرەوەی هێزە دەریاییە "سەر بڕاوەکەی" بەکاریان دەهێنێت، نوقمی دەریا کراون.
 
ترەمپ لەبارەی وردەکاریی پێکدادانەکە نووسیویەتی: "مووشەک ئاراستەی کەشتییە تێکشکێنەرەکانمان کرا و ئەوان بە ئاسانی تێکشکێندران. بە هەمان شێوە درۆنەکان هاتن و لە ئاسماندا سووتێنران؛ ئەوان زۆر بە جوانی کەوتنە ناو زەریاوە، رێک وەک ئەوەی پەپوولەیەک بەرەو گۆڕ بڕوات."
 
ترەمپ بۆ ئێران: لە داهاتوودا زۆر بەهێزتر لێتان دەدەین
 
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی تووندی لە سەرکردایەتیی ئێران گرت و گوتی: "وڵاتێکی ئاسایی رێگەی بەم کەشتییانە دەدا دەرباز بن، بەڵام ئێران وڵاتێکی ئاسایی نییە. ئەوان لە لایەن کۆمەڵێک 'شێت'ـەوە سەرکردایەتی دەکرێن و ئەگەر دەرفەتیان هەبێت چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن، بەڵام هەرگیز ئەو دەرفەتەیان بۆ ناڕەخسێت."
 
لە پەیامەکەیدا، ترەمپ هەڕەشەی لە تاران کرد و گوتی: "وەک چۆن ئەمڕۆ تێکمان شکاندن، لە داهاتوودا زۆر بەهێزتر و بە تووندتر لێیان دەدەین ئەگەر بە خێرایی رێککەوتن واژۆ نەکەن." راشیگەیاند کە ئەو سێ کەشتییە ئێستا دەگەڕێنەوە بۆ ناو گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا کە بە "دیواری پۆڵایین" وەسفی کرد.