روبیۆ هەوڵی هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی واشنتن و ڤاتیکان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە ڤاتیکان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان کۆشکی سپی و ڤاتیکان بەهۆی پرسی جەنگ و سیاسەتی دەرەوە گەیشتووەتە لوتکەی ئاڵۆزی.
سەردانەکەی روبیۆ دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی تووندی لە پاپا لیۆ گرت، کە رێبەری نزیکەی 1.4 ملیار کاسۆلیکی جیهانە، ئەمەش بەهۆی هەڵوێستە دژە جەنگەکانی پاپا.
روبیۆ، کە خۆی کاسۆلیکێکی پابەندە، پێش کۆبوونەوەکە هەوڵیدا لە بایەخی ناکۆکییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام برایان بێرچ، باڵیۆزی ئەمریکا لە ڤاتیکان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پێدەچێت گفتوگۆیەکی "راشکاو" لە نێوان هەردوولادا بێتە ئاراوە.
سەرەتای ئاڵۆزییەکان
ئیدارەی ترەمپ ساڵێک لەمەوبەر و لە 8ـی ئایاری 2025، پێشوازییەکی گەرمی لە هەڵبژاردنی پاپا لیۆ کرد وەک یەکەم پاپای ئەمریکی، بەڵام زۆری نەبرد پەیوەندییەکان ساردبوونەوە.
مانگی رابردوو ترەمپ لە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پاپای بە "لاواز لە بەرەنگاربوونەوەی تاوان و خراپ لە سیاسەتی دەرەوە" ناوبرد. ئەم تووڕەیییەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە پاپا داوای ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و هەڕەشەکانی ترەمپی بۆ لەناوبردنی شارستانیەتی ئێران بە "کارێکی ناپەسند" ناوبرد.
روبیۆ پێش گەشتەکەی رایگەیاند، "زۆر بابەتی گرنگ هەن کە دەبێت لەگەڵ ڤاتیکان باسیان بکەین، بەتایبەتی پرسی ئازادیی ئایینی." هەروەها پیێترۆ پارۆلین، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە، باسی دۆخی لوبنان، کوبا و ئەمریکای لاتینیش دەکەن.
"پاپا تەنیا ئەرکی خۆی دەکات"
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، ترەمپ رۆژی دووشەممە جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر پاپا و گوتی، پاپا پێیوایە "ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت" و بەوەش مەترسی بۆ سەر کاسۆلیکەکان دروست دەکات.
لە بەرامبەردا، پاپا لیۆ رۆژی سێشەممە لە وەڵامی ئەو رەخنانەدا گوتی، "ئەرکی کەنیسە بانگەشەکردنە بۆ ئاشتی و گەیاندنی پەیامی ئینجیل. ئەگەر کەسێک دەیەوێت رەخنەم لێ بگرێت لەسەر راگەیاندنی پەیامی خودا، با بە راستگۆیی ئەوە بکات." گوتیشی، کەنیسە ساڵانێکی زۆرە دژی هەموو جۆرە چەکێکی ئەتۆمییە.
پیێترۆ پارۆلین، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان لەسەر هێرشەکانی ترەمپ گوتی، "ئەم هێرشانە کەمێک سەیرن، پاپا تەنیا ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات."
ئەمە دووەم دیداری نێوان روبیۆ و پاپا لیۆ دەبێت؛ یەکەم کۆبوونەوەیان ساڵی رابردوو بوو، تەنیا چەند رۆژێک دوای هەڵبژاردنی پاپا، کە ئەو کات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش ئامادەی دیدارەکە بوو.