راپۆرتێک: تەقەکەرەکەی ترەمپ لەژێر کاریگەریی 'ژەهری رق'ی سۆشیاڵ میدیادا بووە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێی گۆڤاری (ئەتڵانتیک) پەردە لەسەر دیوی ناوەوەی ئەو کەسە لادەدات کە هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی دا و ئاشکرای دەکات، تۆمەتبارەکە لەژێر کاریگەریی قوڵی "ئەلگۆریزمەکانی رق" و سۆشیاڵ میدیادا بووە و ترەمپی وەک "دڕندە" و "سەرۆکی مافیا" بینیوە.
رۆژنامەڤانێکی دیاری گۆڤاری (ئەتڵانتیک) کە لە کاتی تەقەکردنەکەدا لەوێ ئامادە بووە، لە گوتارێکی ورددا دەڵێت، کۆڵ تۆماس ئالێن، ئەو پیاوەی مانگی رابردوو هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی دا، نموونەی ئەو مرڤانەیە کە رۆژانە "ژەهری رق و کینەی سۆشیاڵ میدیا" دەخۆنەوە و دواتر ئەو تووڕەییە دەگۆڕن بۆ کردەوەی کوشندە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئالێن پێش ئەوەی دەست بداتە چەک، لە سۆشیاڵ میدیای "بلو سکای" (Bluesky) بەردەوام بووە لە بڵاوکردنەوەی پۆستی پڕ لە رق. کاتێک وێنەیەکی دەستکردی ترەمپی بینیوە کە تێیدا وەک "عیسای مەسیح" نیشان دراوە، ئالێن بە پشتبەستن بە کتێبی پیرۆز، ترەمپی وەک "دڕندە" ناوبردووە و گوتوویەتی کە "دەبێت خودا تۆڵەی لێ بکاتەوە."
کوشتنی راستی لەپێناو "لایک و کلیک"
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە چۆن لە ساڵی 2008ـەوە ململانێی میدیایی گۆڕاوە؛ پێشتر کێبڕکێ لەسەر وردیی زانیاری بوو، بەڵام ئێستا کێبڕکێ لەسەر ئەوەیە کێ زۆرترین "لایک و کلیک" کۆدەکاتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە وایکردووە ئەلگۆریزمەکان بەدوای راستی و مەنتیقدا نەگەڕێن، بەڵکو ئەو بابەتانە بڵاوبکەنەوە کە هەستی مرۆڤ دەوروژێنن. بۆ نموونە کاتێک ترەمپ پێشنیازی باجی لە تەنگەی هورمز کرد، ئالێن لە پۆستێکدا نووسیویەتی: "ئەم پیاوە سەرۆکی باندێکی مافیایە." ئەم جۆرە گوزارشتانە کە لە سۆشیاڵ میدیادا وەک دراو مامەڵەیان پێوە دەکرێت، بوونە بەردی بناخەی ئەو تاوانەی کردی.
تیۆریی پیلانگێڕی و "ئێمە دژی ئەوان"
راپۆرتەکە دەڵێت، جیهانی دیجیتاڵی بووەتە مەیدانی شەڕی "ئێمە دژی ئەوان". کاتێک لە ئاهەنگی کۆشکی سپی تەقە کرا، لە جیاتی ئەوەی خەڵک بەدوای راستییەکەدا بگەڕێن، لە سۆشیاڵ میدیادا بەدوای ئەو تیۆرییانەدا دەگەڕان کە دەیانگوت "ترەمپ خۆی ئەمەی رێکخستووە" یان "ئەمە تەنیا شانۆگەرییە."
قۆناخێکی نوێی تووندوتیژی سیاسی
دیاردەی تووندوتیژی سیاسی لە ئەمریکا دوای هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس لە ساڵی 2021، چووەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە. ئێستا نەک تەنیا سیاسەتمەداران، بەڵکو بەڕێوەبەری کۆمپانیا گەورەکان و سەرکردەکانی تەکنەلۆژیاش وەک سام ئاڵتمان، رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن دەبنەوە.
شارەزایان دەڵێن، "جەنگی سێبەر" لە سۆشیاڵ میدیادا وایکردووە کوشتن و تووندوتیژی لای کەسانی وەک ئالێن، وەک کارێکی مەنتیقی و "رزگارکەر" دەربکەوێت. ئەمە ئەو گرێکوێرەیەیە کە تەکنەلۆژیا بۆ مرۆڤایەتی دروست کردووە و تاوەکو ئێستا بێ چارەسەر ماوەتەوە.