وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ رووداو: لە 10 ساڵی داهاتوودا 1.5 ملیۆن فەرمانبەر خانەنشین دەبن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت کە کەرتی گشتیی ئەو وڵاتە بەهۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافییەوە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە. بەپێی پێشبینییەکان، لە 10 ساڵی داهاتوودا زیاتر لە 1.3 ملیۆن فەرمانبەر لە کەرتی گشتی خانەنشین دەبن و ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی دەستی کار دروست دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 7ـی ئایاری 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی کەمیی فەرمانبەر لە کەرتی گشتیدا، وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
ئەو گوتەبێژە رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵ دەیەوێت 8%ـی پۆستە کارگێڕییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە بەهۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافییەوە "گۆڕانکاریی قووڵ" لەو کەرتەدا دروست دەبن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە وەزارەتەکە بۆ رووداوی ناردووە، تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2024، نزیکەی 12%ـی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵ (جگە لە هێزە سەربازییەکان) تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵییەوە بووە، کە دەکاتە 42 هەزار کەس لە کۆی 359 هەزار فەرمانبەر. ئەو گوتەبێژە دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2030 تەمەنی ئەو فەرمانبەرانە لە 66 ساڵی تێپەڕ دەبێت و شوێنەکانیان چۆڵ دەبن.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "گۆڕانکاریی دیمۆگرافی گۆڕانکاریی قووڵ لە پێکهاتەی فەرمانبەراندا دروست دەکات. ئەمەش تەنیا کەرتی گشتی ناگرێتەوە، بەڵکو کەرتی تایبەتیش رووبەڕووی هەمان دۆخ دەبێتەوە."
نزیکەی 1.5 ملیۆن فەرمانبەر خانەنشین دەبن
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی ئاماری فیدراڵ (Destatis)، تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2024، لە کۆی 5 ملیۆن و 380 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە ئەڵمانیا، 747 هەزار و 200 کەسیان تەمەنیان لە نێوان 55 بۆ 60 ساڵدایە، هەروەها 669 هەزار و 400 کەسیش تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵییەوەیە. ئەمەش واتە لە 10 ساڵی داهاتوودا نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس خانەنشین دەبن.
بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی لە دەستی کاردا، حکومەتی فیدراڵ چەند هەنگاوێکی گرتووەتە بەر. گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی "هەنگاوێکی سەرەکییە" بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە.