بازاڕەکانی جیهان چاوەڕێی کۆتاییهاتنی جەنگی ئێرانن


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پێنجشەممە نرخی نەوت دابەزی و لە بازاڕەکانی جیهانیش بە شێوەیەکی تێکەڵ مامەڵەی پێوەکرا؛ ئەمەش لەکاتێکدایە وەبەرهێنەران چاوەڕێی نوێترین زانیارین لەبارەی پلانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز.
 
دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە بەهۆی ئومێدەکان بۆ ئاشتی، نرخی نەوت 10% دابەزی، رۆژی پێنجشەممەش نرخەکان زیاتر لە 2%ـی دیکە دابەزین. بەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتەوە خوار 100 دۆلار.
 
لە بازاڕەکانی جیهاندا، وۆڵ ستریت بە تێکەڵی مامەڵەی کرد، بازاڕەکانی ئەورووپاش دوای گەشەکردنە گەورەکەی دوێنێ، روویان لە دابەزین کرد؛ بەڵام بازاڕە سەرەکییەکانی ئاسیا بەرزبوونەوەیان تۆمار کرد. پێوەرەکەی تۆکیۆ 5.6% بەرزبووەوە، ئەمەش زیاتر رەنگدانەوەی دەستپێکردنەوەی مامەڵەکان بوو لە ژاپۆن دوای پشووە گشتییەکانی ئەم هەفتەیە.
 
سوزانا ستریتەر، توێژەری وەبەرهێنان لە (Wealth Club) دەڵێ: "ئەو جۆش و خرۆشە زۆرەی بازاڕەکانی گرتبووەوە بەهۆی هیوای هێوربوونەوەی جەنگی ئێران، خەریکە سارد دەبێتەوە. ئێستا تێگەیشتنێک هەیە کە هێشتا بەربەستی زۆر لەپێشن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن، هەرچەندە باس لەوە دەکرێت ئێران خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە پێشنیازێکی ئاشتیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، دوای گفتوگۆ ئەرێنییەکان، رێککەوتنەکە نزیکە. تاران ئاماژەی بەوە کردووە، دوایین هەڵوێست لە رێگەی پاکستانەوە کە وەک نێوەندگیر کاردەکات، دەگەیێنێتە واشنتن.
 
ئەم جەنگەی کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی ئەوەی تاران تەنگەی هورمز دابخات کە دەروازەی سەرەکیی پیشەسازیی نەوت و گازی کەنداو و رێڕۆیەکی ستراتیژیی بازرگانییە.
 
لەلایەکی دیکەوە، بانکی ناوەندیی نەرویج رۆژی پێنجشەممە رێژەی سوودی بە بڕی چارەکێک بەرزکردەوە و گەیاندییە 4.25%. ئایدا وۆڵدن باک، پارێزگاری بانکەکە رایگەیاند، جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەترسیی ئەوەی هەیە هەڵاوسان کە چەند ساڵێکە لە سەرووی ئاستی دیاریکراوەوەیە، خراپتر بکات.
 
بووژانەوەی کەرتی تەکنەلۆژیا
دوور لە هەواڵەکانی جەنگ، شەپۆلێکی نوێی پارە رژایە ناو کەرتی تەکنەلۆژیاوە، چونکە بازرگانان بەدوای هەموو ئەو شتانەدا دەگەڕێن کە پەیوەندییان بە ژیریی دەستکردەوە (AI) هەیە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە کۆمپانیاکانی (ئەپڵ، ئەلفابێت/گوگڵ، مایکرۆسۆفت و سامسونگ) لە راپۆرتی دارایی چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا، داهاتێکی بێوێنەیان تۆمار کرد.
 
هەردوو پێوەری (S&P 500) و (نازداک) لە کاتی دەستپێکردنی مامەڵەکاندا ئاستی پێوانەیی نوێیان تۆمار کرد. دەیڤید مۆریسن، شڕۆڤەکاری دارایی دەڵێ: "دیاردەی ترسی لەدەستدانی دەرفەت ناسراو بە (FOMO) رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، بەڵام زۆر قورسە بزانیت چی دەبێتە هۆی پاشەکشەیەکی گەورە لە بازاڕدا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جێگەی نیگەرانییە."
 
هەر رۆژی پێنجشەممە، کۆمپانیای (ئیمارات گرووپ) رایگەیاند، سەرەڕای پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی جەنگەوە، قازانجی ساڵانەیان 3% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 5.7 ملیار دۆلار.
 
ئامارە سەرەکییەکان لە کاژێر 18:30 بە کاتی هەولێر
- نەوتی برێنت: دابەزی 2.6% (98.61 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک).
- نەوتی سووکی تەکساس (WTI): %2.9 دابەزی (92.36 دۆلار).
- داو جۆنزی ئەمریکی: دابەزی بە رێژەی 0.2%.
- ئێس ئەند پی 500 (S&P 500): %0.1 بەرزبووەوە.
- نازداک: 0.5% بەرزبووەوە.
- نیکی 225ـی ژاپۆنی: 5.6% بەرزبووەوە.
- یۆرۆ بەرامبەر دۆلار: بەرزبووەوە بۆ 1.1768 دۆلار.