مۆزەخانەی مێژووی سرووشت لە تەلئەبیب کرایەوە

رووداو-هەولێر

دوای چەند ساڵێک کارکردن تێیدا ، مۆزەخانەیەکی مێژوویی لە تەلئەبیبی ئیسرائیل کرایەوە کە بە مۆزەخانەی مێژووی سرووشت ناسراوە و چەندین جۆر ئاژەڵی تێدا نمایشکراوە.


ئەو ئاژەڵانەی لە مۆزەخانەکەدا داندراون ، بەشێكیان پێش 100 ساڵ راوکراون ، ئێستا بۆ خەڵک نمایش کراون و سەرنجی گەشتیار و خەڵكێکی زۆریشی راکێشاوە 

مۆزەخانەکە پڕۆژەیەکی 40 ملیۆن دۆلاریی گەورەیە و چەندین جۆرەی جیاوازی ئاژەڵی تێدا نمایشکراوە. مۆزەخانەکە جگە لە لایەنی گەشتیاریی ، بۆ مەبەستی زانستی و پەروەردەییش سوودی لێوەردەگیرێت ، چونکە لە ناو مۆزەخانەکەدا چەندین تاقیگە هەن کە تیایاندا توێژینەوە لە سەر ئاژەڵەکان دەکرێت. 

ئالۆن ساپان، بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە رایگەیاند: "ئامانجی سەرەکیی ئەم مۆزەخانەیە نزیککردنەوەی خەڵکە لە سرووشت بەوەی هەست بە سرووشت بکەن بەو جۆرەی کە هەیە. لە هەمانکاتدا پاڵپشتیکردنە لە زۆر چیرۆک و زانیاریی زانستیی سەرنجڕاکێش کە هەموویان بە توێژینەوەی زانکۆکان سەلمێندراون و لێرە دادەنرێن ، ئەم باڵەخانەیە تاقیگە و کۆکراوەشی تێدایە و هەموو ئەو شتانەی ناو توێژینەوەکانیش لێرە دەبیندرێن. هەربۆیە کۆکردنەوەی سرووشت و زانست پێکەوە شتێکی ناوازە و سەرنجڕاکێشە."

مۆزەخانەی مێژوویی سرووشت لە تەلئەبیب ، دەروازەیەکیشە بۆ تێگەیشتن کە کاریگەرییەکانی مرۆڤ لەسەر سرووشت و ژیانی ئاژەڵان. کەمبوونەوە و نەمانی بەشێک لەو جۆرە ئاژەڵانەی کە لێرە هەن ، بەڵگەیە لەسەر داگیرکردنی سرووشت لەلایەن مرۆڤەوە. 

هەدەس زەمەر بناری ، کارمەندی مۆزەخانەکە گوتی: "ئێمە لێرە لەگەڵ بابەتی ژینگەزانی مامەڵەدەکەین و ئەمەش بەشێکە لە کارەکانی ئیرە. هەندێک مۆزەخانە هەن کە من سەردانیان دەکەم سەرنجڕاکێشن ، بەڵام دواتر بە خۆم دەڵێم راوەستە، ئەمە مۆزەخانەی سرووشتە یان مۆزەخانەی داگیرکردنی سرووشتە لەلایەن مرۆڤەوە؟ لێرە ئێمە بە دڵنیاییەوە ئەو تێگەیشتنەمان هەیە کە مرۆڤ بەشێکە لە سرووشت ، مرۆڤ بەشێکە لە تانوپۆی سرووشت و کارکردی ئێمە کاریگەریی لە سەر ئەو پێکهاتەیە هەیە."

بەشێک لەو ئاژەڵانەی کە لە مۆزخانەی سرووشتی تەلئەبیب نمایشکراون زیاد لە 100 ساڵ لەمەوپێش راوکراون ، یان کوژراون و لێرە دەپارێزرێن و نمایشدەکرێن. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان