وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆسۆڤۆ بۆ نێچیرڤان بارزانی: سەرکردایەتیتان بەرزدەنرخێنین

رووداو - هەولێر

بەهجەت باکولی، جێگری یەکەمی سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی كۆسۆڤۆ لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر بکات.

لە پەیامەکەدا، بەهجەت باکولی دەڵێت "ئێمە سەرکردایەتیی بەڕێزتان بەرزدەنرخێنین لە پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە و داڵدەدان و پشتگیریکردنی لێقەوماوان و پەنابەرانی دەستی داعش. ئێمە لە کۆسۆڤۆ وەکو لە رابردوو پەنابەریمان بینیوە، دەزانین ئەو یارمەتییانە چەند گرنگ و بە بەهان".

بەهجەت باکولی داوایەکی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی کردووە و دەڵێت "بە لوتفەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەم لە چوارچێوەی دەسەڵاتتان هانی حکومەتی عێراق بدەن بۆ دانپێدانان بە کۆسۆڤۆ و پەیوەندیی دیپلۆماسی بنیاتبنێن لەگەڵ کۆسۆڤۆ و یارمەتیی هەوڵەکانمان بدەن بۆ بە ئەندامبوون لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان".

جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی كۆسۆڤۆ رایگەیاندووە، بەردەوامدەبن لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوترکردنی "ئەو هاوڕێیەتی و برایەتییەی لەنێواماندا هەیە". دەشڵێت "ئێمە هاوپەیمانین لە شەڕی دژی داعش. هەروەها پێویست دەکات برەو بە پەیوەندییەکانمان بدەین، بۆ ئەوەی هاووڵاتییەکانمان زیاتر سوود لەو برایەتییەی نێوانمان ببینن".

دەقی پەیامەکەی بەهجەت باکولی، جێگری یەکەمی سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی كۆسۆڤۆ:

رێزدار نێچیرڤان بارزانی،
سەرۆکی هەرێمی کوردستان – عێراق

رێزدار،

به‌ناوی خه‌ڵك و حكومه‌تی كۆماری كۆسۆڤۆ پیرۆزبایی له‌ جه‌نابتان ده‌كه‌م بەبۆنەی هەڵبژاردنتان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان - عێراق. هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین لە ئەرکەکانی داهاتووتدا وەك سەرۆکی هەرێم لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی عێراق.

کۆسۆڤۆ بەردەوام دەبێت لە کارکردن بەیەوەکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ زیاتر پتەوکردنی ئەو هاوڕێیەتی و برایەتییەی لەنێواماندا هەیە. ئێمە هاوپەیمانین لە شەڕی دژی داعش. هەروەها پێویست دەکات برەو بە پەیوەندییەکانمان بدەین، بۆ ئەوەی هاووڵاتییەکانمان زیاتر سوود لەو برایەتییەی نێوانمان ببینن. ئێمە لە نزیکەوە کار دەکەین بۆ برەودان و فراوانترکردنی ئەو هاوبەشی و‌ هاوڕێیەتییە.

ئێمە سەرکردایەتیی بەڕێزتان بەرزدەنرخێنین لە پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە و داڵدەدان و پشتگیریکردنی لێقەوماوان و پەنابەرانی دەستی داعش. ئێمە لە کۆسۆڤۆ وەکو لە رابردوو پەنابەریمان بینیوە، دەزانین ئەو یارمەتییانە چەند گرنگ و بە بەهان.

بە لوتفەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەم لە چوارچێوەی دەسەڵاتتان هانی حکومەتی عێراق بدەن بۆ دانپێدانان بە کۆسۆڤۆ و پەیوەندیی دیپلۆماسی بنیاتبنێن لەگەڵ کۆسۆڤۆ و یارمەتیی هەوڵەکانمان بدەن بۆ بە ئەندامبوون لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

بەڕێز سەرۆك، هیوای پێشڤەچوون و ئاشتی و بەیەکەوەژیان بۆ ئێوه‌ و خەڵکی هەرێم دەخوازین لە داهاتوودا، هیوای ئەوپەڕی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی هەرێمدا.

ئەوپەڕی ڕێز و سڵاومان قبوڵبكه‌ن.

بەهجەت باکولی،
جێگری یەکەمی سەرۆكوەزیران و
وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوەی كۆسۆڤۆ