رووسیا هێرشێکی گەورەی کردە سەر ئۆکراینا و بەهۆیەوە 5 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، رووسیا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئۆکراینا و بەو هۆیەوە 5 کەس کوژران.
هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، رووسیا 206 درۆن و 9 مووشەکی ئاراستە کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، بەشی زۆری هێرشەکە لە رێگەی هێزی ئاسمانی و بەرگریی وڵاتەکەیەوە تێکشکێندراوە.
ئیگۆر تێرێکۆڤ، سەرۆک شارەوانیی خارکیڤی ئۆکراینا گوتی، هێرشی سەر شارەکەی لە رێگەی 48 درۆنی دروستکراوی ئێران و دوو مووشەکەوە بووە.
شارەکەی باکووری رۆژهەڵات کە نزیکەی 1.4 ملیۆن دانیشتووی هەیە، کەمتر لە 50 کیلۆمەتر لە سنووری رووسیاوە دوورە.
تێرێکۆڤ دەوروبەری کاژێر 04:40 خولەکی بەرەبەیان لە تەلەگرام نووسی، "خارکیڤ ئێستا رووبەڕووی بەهێزترین هێرش بووەتەوە لە سەرەتای جەنگەوە."
سەرۆکی شارەوانیی خارکیڤ گوتی، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم سێ کەس و برینداربوونی 17 کەسی دیکە.
ئۆلێگ سینێگوبۆڤ، پارێزگاری هەرێمی خارکیڤیش گوتی، بریندارەکان دوو منداڵیان تێدایە.
لە شاری بەندەریی خێرسۆنیش لە باشوور، ئۆلێکساندر پرۆکودینی پارێزگار گوتی، تۆپبارانی رووسیا بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک و زیانگەیاندن بە دوو باڵەخانەی بەرز.
لە هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسکی ناوەڕاست، پارێزگار سێرگی لیساک گوتی، شەوی رابردوو هێزەکانی ئۆکرانیا 27 درۆن و دوو مووشەکیان تێکشکاندوون. ئاماژەی بەوەش کرد، دوو ژنی تەمەن 45 ساڵ و 88 ساڵ بریندار بوون.
هاوکات، تیمەکانی بەهاناوەچوون لە شاری لوتسک لە رۆژئاوای ئۆکراینا تەرمێکیان دۆزییەوە و رایانگەیاند، قوربانییەکە ژنێکە لە تەمەنی بیستەکانیدا.
ئەم بۆردوومانە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئۆکراینا هێرشێکی گەورەی کرد و زیانی بە فڕۆکە سەربازییەکانی هەڵگری توانای ئەتۆمی لە بنکە ئاسمانییەکانی رووسیادا گەیاند، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە بدات.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی شەممە رایگەیاند، 36 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لە سەرانسەری ناوچەیەکی بەرفراواندا خراونەتە خوارەوە.