پسپۆڕێک: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر لە پڕۆسەی چارەسەری تورکیا دا بگێڕێت
رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەتوانێ رۆڵێکی کاریگەر سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا بگێڕێ کە ماوەی چەند مانگێکە دەستی پێکراوە.
ماریانا چاروونتاکی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی لینکنی بەریتانیا لە گۆشەیەکدا لە رۆژنامەی "هەفینگتن پۆست"ی چاپی یۆناندا ئاماژە بەوە دەکات، کاریگەریی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لە چارەسەرکردنی پرسەکەدا گەورەیە."
نووسەرەکە دەگەڕێتەوە سەر مێژووی بابەتی چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە کە بەشێکە لە دەستپێشخەرییەکی قۆناخی دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن و بابەتێکی نوێ نییە.
چاروونتاکی دەنووسێت: "حەوتەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە لە 20-1-2000 بەڕێوەچوو، بایەخێکی زۆری هەبوو، چونکە لەو کۆنگرەیەدا بڕیاردرا خەباتەکەیان بکەنە سیاسی و زۆربەی پێشنیازەکانیش لەو چاکسازییە دەستوورییەی تورکیادا رەنگیان دایەوە کە ساڵی 2004 جێبەجێ کرا. لە ئایاری ساڵی 2004، تورکیا ژمارەیەک چاکسازیی یاسایی و دەستووری پەسندکرد کە ئامانجی سەرەکییان لەسەر مافەکانی مرۆڤ و بەئەندامبوونی وڵاتەکە بوو لە یەکێتیی ئەورووپا. گۆڕانکاریی سیاسیی پەکەکە بۆ "کۆنگرەی ئازادی و دیموکراسیی کوردستان" لە نیسانی 2002 و کۆنگرەی گەل لە ساڵی 2003 تەنیا سەرەتای گۆڕینی ئاراستەی کاری پارتەکە نەبوو، بەڵکو ئاماژە بوو بۆ گۆڕانێک لە ئاراستەی ئایدیۆلۆجی و کارکردنی پەکەکە".
پسپۆڕەکەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکات، نەخشەڕێیەکەی ئەیلوولی 2003- ئەیلوولی 2004ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کە ئامانج لێی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بوو بۆ دۆزی کورد، گۆڕینی ستراتیژیی کاری پارتەکەی بە ئاراستەی ئامانجی سێیەم و کۆتایی پرۆگرامەکەی دەرخست، کە بریتییە لە "بەسیاسیکردنی پرسەکە بە داواکردنی مافی خۆبەڕێوەبەری لەنێو کۆمارێکی تورکیای دیموکراسی و راگەیاندنی فەرمیی وازهێنان لە خەباتی چەکداری. یونس ئۆروچی نووسەر لە ساڵی 2009دا رایگەیاند: 'ئێستا نەخشەرێگەیەک بۆ چارەسەری دۆزی کورد هەیە، بەڵام رانەگەیێندراوە بۆ ئەوەی رێگری لە هەر جۆرە دنەدانێک بکرێ".
ماریانا چاروونتاکی لە بابەتەکەیدا دەنووسێت: "دەبووایە بەدیموکراسیکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئۆجەلان لە رێگەی بەدیموکراسیکردنی کوردەوە بێ. لەو چوارچێوەیەدا لە 20ـی ئاداری 2005 کۆما کۆمەڵێن کوردستان دامەزرا کە لە ساڵی 2007 کرایە کۆما جڤاکێن کوردستان. کورد هەر لە سەرەتاوە داوای گفتوگۆی لەگەڵ ئەو لایەنانە کرد کە پرسەکەیان بەلاوە جێگەی سەرنج بوو و بۆ چارەسەریش ئامادە بوون".
نووسەرەکە دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی باسکران، "پێشهاتەکانی ئەمڕۆ درێژکراوەی کرانەوەی پرسی کورد و چاکسازییەکانی پارتی داد و گەشەپێدانن لە تورکیا. ئەو گفتوگۆیانە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2009 لە پەرلەمانی تورکیا دەستیان پێکرا. هەرچەندە سیاسەتی ئاکپارتی بۆ پرسی کورد سەرەتا ناوی (کرانەوە بە ئاراستەی پرسی کورد) بوو، بەڵام دوایی بە (کرانەوەی دیموکراسی) ناسێنرا و دواییش بووە (دەستپێشخەریی یەکگرتوویی نیشتمانی و برایەتی). لە ساڵی 2009یشدا سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی ئەو کاتەی هەدەپە گوتی، بۆ ئەوەی بڵێین کە شتی باش روودەدات (مەبەستی لە راگەیێندراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو کە گوتی شتی باش لەبارەی پرسی کورد روودەدەن)، پێویستە خەباتی چەکداری بوەستێت و تورکیاش پرسی کورد چارەسەر بکات".
چاروونتاکی پێیوایە، ئەوەی تورکیا لە رابردوود کردی، ئەوە بوو کە "دۆزی کوردی وەک کێشەی پەکەکە" ناساند و بڕیاریدا لە دژی بجەنگێت، بەڵام "ئەمڕۆ دەرفەت بۆ تورکیا رەخساوە هەڵوێستی خۆی روون بکاتەوە و سەرنج بخاتەوە سەر دۆزی کورد."
دەشڵێت، هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەر کۆتایی خەباتی 40 ساڵەی چەکداری، بەوە دەبێت کە ئایا "دەوڵەتی تورک دەتوانێت پێکهاتەی خۆی بگۆڕێت و بەو پێیەش گەرەنتیی دەستووری بە کورد بدات یان نا. هەم ئەمەش دەرفەت بە لایەنی کوردی دەدات داواکارییەکانی روون بکاتەوە، جیاواز لەو گوتارە ناجێگیرەی لە 40 ساڵی رابردوودا هەیبووە."
نووسەرەکە ئاماژە بەوە دەکات کە "گۆڕان لە کۆنفدراڵییەوە بۆ خۆبەڕێوەبەری، تایبەتمەندیی خۆی هەیە. دیدگەی دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی وەک لە دیدگەی "خۆبەڕێوەبەریی دیموکرات"دا هاتووە، هیچ دەسەڵاتێکی یاسادانان لەخۆناگرێت. بۆیە ئەو بیرۆکەیەی لایەنی کوردی دەیخاتەڕوو، ئۆتۆنۆمی نییە. بەڵکو ئەم جۆرە خۆبەڕێوەبەرییە، بە واتای خۆبەڕێوەبردنی دامودەزگە خۆجێیەکان دێت لەسەر ئاستی شارەوانی، گوند و ئیدارە هەرێمییەکان."
دەشڵێت: "ناوچە کوردییەکانی تورکیا دەکەونە سنوورێکی پێکەوەبەستراو کە وادەکات داننان بە قەوارەیەکی دەستووری بە ناوی کوردستانی تورکیا، ئاسان بێت."
نووسەرەکە باس لەوە دەکات، لە دوای شەڕی غەززە و رووداوەکانی دواتر، "چارەسەری دۆزی کوردیش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستیپێکردووە."
بۆ چارەسەرەکە، نووسەر رۆڵی لایەنە نێودەوڵەتییەکان، بە دیاریکراوی ئەمریکا، بە "گەورە" دادەنێت. دەشڵێت: "بەڵام کاریگەریی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لە چارەسەرکردنی پرسەکەدا گەورەیە. دەمیرتاش لە ساڵی 2009 قسەی لەسەر ئەمە کردووە و گوتوویەتی "ئەمریکا پلانێکی بۆ دۆزی کورد هەیە، بەڵام حکومەت پشتیوانی لە سیاسەتی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد ناکات."