پیاوێکی عێراقی لە ئەڵمانیا بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو خەڵکدا کرد و چەند کەسێک بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا پیاوێکی "عێراقی" لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوژینەکەی، بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو کۆمەڵێک کەسدا کرد. لە رووداوەکە، پیاوەکە خۆی، هاوژینەکەی، کچەکەی و چەند کەسێکی دیکە برینداربوون.
رۆژی شەممە 07-06-2025 لە شاری پاساو لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا کە هاوسنووری نەمسایە و دەکەوێتە هەرێمی باڤاریا، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو کۆمەڵێک کەسدا کرد و لانیکەم پێنج کەسی بریندارکرد.
رووداوەکە لە نزیک وێستگەی سەرەکیی شەمەندەفەری شارەکە روویدا. پۆلیسی شارەکە رایگەیاند، هەر لە شوێنی رووداوەکە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەیان دەستگیرکردووە کە تەمەنی 48 ساڵە و خۆیشی لە رووداوەکە بەهۆی پێداکێشانەوە برینداربووە. ئۆتۆمبێلێکی رەنگی رەشی جۆری مێرسێیدیز دەستی بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا، پیاوەکە بە رەچەڵەک خەڵکی عێراقە، لەگەڵ هاوژینە 40 ساڵەکەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەبووە، دوای ئەوەی هاوژینەکەی لەو شوێنە بینیوە، بە ئۆتۆمبێل بۆی رۆیشتووە. لە رووداوەکەدا کچی شۆفێرەکەش برینداربووە کە تەمەنی 5 ساڵە.
پۆلیسی شارەکە رایگەیاند: "پێدەچێت كێشەکە لەسەر ئەوە بووبێت دوای جیابوونەوە منداڵەکە لای کامیان دەمێنێتەوە."
گوتەبێژێکی پۆلیس رایگەیاند: "پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە."
مانگی شوباتی ئەم ساڵ ئۆتۆمبێلێک لە شاری میونشن خۆی بەنێو کۆمەڵێک کەسدا کرد کە رێپێوانیان دەکرد، دوای چەند رۆژێک دوو لە بریندارەکان کە دایکێک و منداڵە دوو ساڵەکەی بوون، لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا.