ئیتاڵییەکان دەنگ لەسەر ئاسانکردنی مەرجەکانی وڵاتینامە و پێچەوانەکردنەوەی چاکسازیی کار دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی یەکشەممە 08-06-2025ـەوە ئیتاڵییەکان لە گشتپرسییەکی دوو رۆژەدا دەست بە دەنگدان دەکەن. گشتپرسییەکە سەبارەت بەوەیە کە ئایا یاساکانی وەرگرتنی وڵاتینامە ئاسان بکرێن؟ ئایا یاساکانی بازاڕی کار پێچەوانە بکرێنەوە؟، بەڵام رەنگە دەنگدانەکە نەگاتە رێژەی یاسایی پێویست بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی پەسەند بکرێت.
پارتە چەپ و میانڕۆکانی ئۆپۆزیسیۆن، گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکایەکی دیاری کرێکاران، بابەتەکانی مافی کرێکاران و کێشە دیمۆگرافییەکانی ئیتاڵیایان وەک رێگەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی هاوپەیمانیی راستڕۆی جیۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیران بەکارهێناوە.
بەگوێرەی سەندیکای کرێکارانی CGIL، ئەوان زیاتر لە 4.5 ملیۆن واژۆیان کۆکردووەتەوە، کە زۆر زیاترە لە ژمارەی پێویست بۆ گشتپرسییەکە، کە پێنج پرسیار لەخۆدەگرێت؛ چواریان لەسەر بازاڕی کار و یەکێکیان لەسەر وڵاتینامەیە.
پێنج پرسیارەکە دەڵێن: (کۆتاییهێنان بە سنوورەکانی گەڕاندنەوە بۆ سەر کار دوای دەرکردنی نایاسایی؛ کۆتاییهێنان بە کۆتوبەندەکانی سەر ئازادیی دادوەران لە کەیسەکانی دەرکردندا؛ کۆتاییهێنان بە ئاسانکاری لە بەکارهێنانی گرێبەستی کاتیی کۆمپانیاکان؛ کۆتاییهێنان بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش لەکاتی روودانی رووداوێک لە گرێبەستە لاوەکییەکاندا و کۆتاییهێنان بە رێسا فراوانەکانی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئیتاڵی.) بەشداربووان بە بەڵێ یان نەخێر دەنگ دەدەن.
دەستووری دوای جەنگی ئیتاڵیا، رێگە بە هاووڵاتییان دەدات لە رێگەی گشتپرسییەوە یاساکان هەڵبوەشێننەوە، کە ئەمەش بەشێکە لەو سیستمە وردەی کۆنترۆڵ و هاوسەنگی کە دوای حوکمڕانییە فاشیستییەکەی بێنیتۆ مۆسۆلینی داڕێژرا. بۆ ئەوەی ئەنجامەکان پابەندکەر بن، پێویستە زیاتر لە 50%ـی دەنگدەرانی شایستە (ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە) بەشداریی دەنگدان بکەن.
لە دەنگدانەکەی رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا، داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت یاسایەکی ساڵی 1992 هەڵبوەشێننەوە کە ماوەی چاوەڕوانیی بۆ پێشکەشکردنی داوای وڵاتینامەی ئیتاڵی دوو هێندە کردبوو. ئەگەر هەڵبوەشێنرێتەوە، خەڵک دەتوانن دوای تەنیا پێنج ساڵ لە ئیتاڵیا داوای وەرگرتنی وڵاتینامە بکەن، لەبری 10 ساڵ. گۆڕانکارییە پێشنیازکراوەکانی دیکەی یاسای کار لەلایەن سەندیکاکانەوە وەک بەهێزکردنی مافی کرێکاران ستایش دەکرێن.
هاوپەیمانیی راستڕۆی مێلۆنی بەهۆی هاندانی دەنگدەران بۆ بەشدارینەکردن و رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە گفتوگۆکاندا لەسەر پێشنیازەکان رەخنەی لێگیراوە.
رۆبێرتۆ دالیمۆنتێ، شارەزای سیاسی لە زانکۆی لویسی رۆما گوتی: "ئەوە بڕیارێکی ستراتیژییە. ئەگەر دژی هەڵوەشاندنەوەی یاساکان بیت، باشتر وایە بە دەنگدەرانت بڵێیت، بەشداریی دەنگدان نەکەن، نەک ئەوەی بەشداری بکەن و دەنگی 'نەخێر' بدەن."
لە ئەگەری سەرکەوتنی گشتپرسییەکە، کاریگەری لەسەر دۆخی کۆچبەران و کرێکارە بیانییەکان دەکرێت بەم جۆرەبێت:
- ماوەی مۆڵەتی نشتەجێبوون لە 10 ساڵەوە بۆ 5 ساڵ کەمدەکرێتەوە
- 2.5 ملیۆن بیانی سوود لە سەرکەوتنی گشتپرسییەکە وەردەگرن
- دەرکردنی کرێکارە بیانییەکان لەسەر کارەکانییان ئەستەم دەبێت
- زیادکردنی بڕی قەرەبووی کرێکارە دەرکراوەکان
راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەوڵێکی زۆریان دەوێت بۆ رازیکردنی رێژەی یاسایی پێویست کە 50+1ـی دەنگدەرانە، تاوەکو ئەنجامی دەنگدانەکە کارپێکراو بێت. مێلۆنی و وەزیرە باڵاکانی حکومەت ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەنگ نادەن.
ێلی شلاین، سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی (PD)، کە لەگەڵ ماوریتسیۆ لاندینی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی CGIL، سەرپەرشتیی هەڵمەتەکە دەکەن گوتی: "مێلۆنی لە بەشداریکردن دەترسێت و لەوە تێگەیشتووە کە زۆرێک لە ئیتاڵییەکان، تەنانەت ئەوانەش کە دەنگیان پێداوە، دەچن بۆ دەنگدانی گشتپرسییەکە."
بەگوێرەی خەمڵاندنێکی مانگی رابردووی پەیمانگەی دیمۆپۆلیس، لە کۆی نزیکەی 50 ملیۆن دەنگدەری ئیتاڵیا، رێژەی بەشداری لە نێوان 31-39% دەبێت کە زۆر لە رێژەی یاسایی پێویست کەمترە.
لۆرێنزۆ پرێگلیاسکۆ، لە کۆمپانیای راپرسیی YouTrend گوتی: "بەدەستهێنانی رێژەی یاسایی قورس دەبێت. کەمترین ئامانجی ئۆپۆزیسیۆن ئەوەیە هێزی خۆی نیشان بدات و وا بکات ژمارەیەکی زیاتر لەو 12.3 ملیۆن کەسە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان کە لە هەڵبژاردنی گشتیی 2022دا پشتیوانییان لە رەوتی راستی میانڕۆ کرد."
وڵاتینامە
بابەتی وڵاتینامە زۆرترین سەرنجی گشتیی راکێشاوە لە وڵاتێکدا کە نیگەرانییەکان لە قەبارەی کۆچبەران وایکرد، لە ساڵی 2022 هاوپەیمانیی دژە کۆچبەری میلۆنی بچێتە سەر حوکم.
پرسیاری سەر کارتی دەنگدانەکە ئەوەیە، ئایا ئیتاڵییەکان پشتگیری لە کەمکردنەوەی ماوەی نیشتەجێبوون دەکەن بۆ پێشکێشکردنی داوای وڵاتینامەی ئیتاڵی لە 10 ساڵەوە بۆ 5 ساڵ. رێکخەران دەڵێن، ئەمە کاریگەری لەسەر نزیکەی 2.5 ملیۆن هاووڵاتیی بیانی دەبێت.
لەکاتێکدا رێژەی لەدایکبوون لە ئیتاڵیا بەخێرایی دابەزیوە، ئابووریناسان دەڵێن، وڵاتەکە پێویستی بە راکێشانی خەڵکی بیانیی زیاترە بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییە لاوازەکەی.
محەمەد کامارا، گەنجێکی 27 ساڵانی خەڵکی سیرالیۆنە کە لە کۆمپانیایەکی بیناسازیدا لە رۆما کار دەکات، گوتی: "ئەگەر تەنیا سەیری ماوەکە بکەیت، 5 ساڵ دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئێمەی کۆچبەر، بە بەراورد لەگەڵ 10 ساڵ."
فرانسیسکۆ گالیێتی، لە کۆمپانیای Policy Sonar، تایبەت بە مەترسیی سیاسی گوتی، هێشتنەوەی ئەم جۆرە رێسایانە بە تووندی "پرسێکی شوناسە" بۆ مێلۆنی، بەڵام لە هەمان کاتدا لەژێر گوشاری بازرگاناندایە بۆ کردنەوەی سنوورەکانی وڵاتەکە بەرووی کرێکارانی بیانیدا.
گوتیشی: "لەلایەک گوتاری شوناسی کولتووری هەیە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە کێشەی پێدانی مووچەی خانەنشینی و ئابوورییەک هەیە کە پشتی بە پیشەسازی بەستووە و پێویستی بە کرێکارە."
پرسیارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کار، لەنێو شتەکانی دیکەدا، ئامانجیان ئەوەیە دەرکردنی هەندێک کرێکار قورستر بکەن و قەرەبووی ئەو کرێکارانە زیاد بکەن کە لەلایەن کۆمپانیا بچووکەکانەوە دەردەکرێن، ئەمەش پێچەوانەکردنەوەی یاسایەکە کە حکومەتی پارتی دیموکرات (PD) دەیەیەک لەمەوبەر پەسەندی کردبوو.
سەرۆکی دوو پارتی هاوپەیمانیی حکومەت، ئەنتۆنیۆ تایانی لە فۆرزا ئیتاڵیا و ماتیۆ سالڤینی لە پارتی لیگا، رایانگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە دەنگ نادەن، لە کاتێکدا مێلۆنی، کە سەرۆکایەتیی پارتی برایانی ئیتاڵیا دەکات، دەچێتە بنکەی دەنگدان بەڵام دەنگ نادات.
پرێگلیاسکۆی پسپۆری راپرسی گوتی: "ئەو بەم شێوەیە ئەرکی دەستووریی خۆی بەجێدەگەیەنێت، بەڵام خۆی لە بەشداریکردن لە گەیشتن بە رێژەی یاسایی دەپارێزێت."
لەڕووی مێژووییەوە، هەندێک لە گشتپرسییەکانی ئیتاڵیا رێژەی بەشداریی بەرزیان هەبووە و کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەشیان هەبووە.
لە ساڵی 1946دا، زۆرینەی ئیتاڵییەکان دەنگیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشایەتی و گۆڕینی وڵات بۆ کۆمار دا.
لە گشتپرسییەکی ساڵی 1974دا لەسەر جیابوونەوە، کە تەنیا سێ ساڵ پێشتر بۆ یەکەمجار یاسایی کرابوو، نزیکەی 60%ی ئیتاڵییەکان دەنگی 'بەڵێ'یان دا کە ئەمە گورزێکی شۆکهێنەر بوو بۆ دژبەرە کۆنەپارێزەکانی جیابوونەوە کە دەیانویست یاساکە هەڵبوەشێنرێتەوە.
خەونی پێشوو سیلڤیۆ بێرلوسکۆنی، سەرۆکوەزیرانی بۆ دەستپێکردنەوەی وزەی ناوەکی، لە رێگەی گشتپرسییەکەوە پووچەڵکرایەوە کە تێیدا هاووڵاتییان بە زۆرینەیەکی رەها دەنگیان بۆهەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا نوێیانە دا کە رێگەیان بە کارکردنی وێستگە ئەتۆمییەکان دەدا.