سوێد دەیەوێت سووتاندنی قورئان بە نایاسایی بکات


رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی سوێد بیر لەوە دەکاتەوە کە بە یاسا رێگە لە سووتاندنی قورئان و کتێبە پیرۆزەکانی دیکە بگرێت. ئەو هەنگاوەش دوای کاردانەوە و رەخنە زۆرەکانی سەر وڵاتەکەن بەهۆی سووتاندنی قورئان لەلایەن کەسێکی بە رەچەڵەک عێراقی لە ستۆکهۆڵم.
 
گونار ستڕۆمەر، وەزیری دادی سوێد شەوی پێنجشەممە بە میدیای وڵاتەی راگەیاند کە سوێد بووەتە "ئامانجێکی پێشینەی" هێرشەکان و "دەبێت لە خۆمان بپرسین کە ئایە ئەو ئاساییەی ئێستا باشە یاخود پێویستی بە دووبارە پێداچوونەوە هەیە." 
 
گونار، ئاماژەی بە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە سووتاندنی قورئان کرد و گوتی: "تێدەگەین کە سووتاندنی قورئان لە هەفتەی رابردوو، هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی نێوخۆمان دروستکردووە."
 
سووتاندنی قورئان جگە لەوەی سوێدی رووبەڕووی شەپۆلێکی زۆری رەخنە و ناڕەزایەتی کردووەتەوە، کاریگەری لەسەر ئەندامبووونی وڵاتەکە لە رێکخراوەکە کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 3ـی تەممووزی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند کە وڵاتەکەی ناتوانێت ئەندامییەتی سوێد لە ناتۆ قبووڵ بکات تاوەکو سوێد، رێگە لە سووتاندنی قورئان لە وڵاتەکە نەگرێت.
 
رۆژی 28ـی مانگی رابردوو کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، پەناخوازێکی تەمەن 37 ساڵانی بە رەچەڵەك عێراقی لە سوێد بە ناوی سەلوان مۆمیکا لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
ئەو کارە کاردانەوەی تووندی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، حکومەتی عێراقیش بە فەرمی داوای رادەستکردنەوەی ئەو پەنابەرەی لە سوێد کردووە بۆ ئەوەی بەپێی یاساکانی عێراق دادگایی بکات.
 
لە بەشێکی شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش خۆپێشاندان و گردبوونەوە دژی ئەو کارە بەڕێوەچوو.
 
دوای رووداوەکەش، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند، پێویستە خەڵک دان بەخۆیاندا بگرن. هەروەها لەبارەی سووتاندنی قورئانیشەوە گوتی، "یاساییە، بەڵام کارێکی نەگونجاوە."