زیلینسکی و ئەردۆغان لە ئیستەنبووڵ کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا سەردانی تورکیا دەکات و لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی، 7ی تەممووزی 2023، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەردانی ئیستەنبووڵ دەکات و لەگەڵی کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی تورکیا، سەرەتا زیلینسکی و ئەردۆغان بە دوو قۆڵی کۆدەبنەوە، دواتر شاندی ئۆکراینا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بە سەرۆکایەتی هەردوو سەرۆک کۆدەبنەوە.
سەبارەی بە تەوەری کۆبوونەوەکان، ئاژانسەکە رایگەیاندووە، پەیوەندییە فرە رەهەندەکانی نێوان ئەنقەرە و کیێڤ، دوایین پێشهاتەکانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە، کە رۆژی 17ی تەممووز کۆتایی دێت لە تەوەرە سەرەکییەکانن. تورکیا هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە نوێ بکرێتەوە.
لەوەتەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی پار سەریهەڵداوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان و زیلینسکی 11 جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و جارێکیش لە کیێڤ کۆبوونەتەوە.
لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا، رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر لە جارێک ئامادەیی خۆی و وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیری راگەیاندووە. هەروەها توانیوویەتی پووتین و زیلینسکی قایل بکات واژۆ لەسەر رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا لە رێگەی دەریای رەش بکەن.