ترەمپ پارتە سیاسییەکەی مەسک بە "گاڵتەجاڕی" ناودەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، راگەیاندنی پارتێکی نوێ لەلایەن ئیلۆن مەسکی هاوپەیمانی پێشوویەوە "گاڵتەجاڕییە." ئەوەش لەکاتێکدایە تاوەکو دێت ناکۆکییەکانی ترەمپ لەگەڵ مەسک قووڵتر دەبنەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خاوەنەکەی سپەیس ئێکس و تێسلا بە "شەمەندەفەرێکی تێکشکاو" ناودەبات کە "لە رێڕەو دەرچووە"، ئەوەش دوای ئەوەی مەسک رایگەیاند، دەیەوێت بەڕووی سیستمی سیاسیی ئێستای ئەمریکادا بوەستێتەوە.
 
دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ ترەمپ هەبوو، کاتێک سەرەتای ئەم ساڵ بۆ چەندین مانگ سەرپەرشتیی "فەرمانگەی کارامەیی حکومەت"ی دەکرد بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بەڵام بەهۆی پڕۆژەیاسا زەبەلاحەکەی ترەمپ بۆ باج و خەرجییەکان، کە سەرۆکەکە بە "گەورە و جوان" ناوی دەبرد، ناکۆکیی تووند کەوتە نێوانیان.
 
ترەمپ پێش ئەوەی بە فڕۆکەی سەرۆکایەتی لە نیوجێرزییەوە بگەڕێتەوە واشنتن، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "پێم وایە دەستپێکردنی پارتی سێیەم شتێکی گاڵتەجاڕانەیە."
 
ترەمپ هەروەها گوتی، "ئەمە هەمیشە سیستمێکی دوو پارتی بووە. پێم وایە دەستپێکردنی پارتی سێیەم تەنیا سەرلێشێوان زیاد دەکات. پارتی سێیەم هەرگیز سەرکەوتوو نەبووە. بۆیە دەتوانێت کاتێکی خۆش بەسەر ببات، بەڵام پێم وایە گاڵتەجاڕانەیە."
 
مەسک، کە لەدایکبووی ئەفریقای باشوورە، رۆژی شەممە رایگەیاند، پارتێک بەناوی "پارتی ئەمریکا" دادەمەزرێنێت، بۆئەوەی رووبەڕووی ئەو سیستمە ببێتەوە کە بە "سیستمی تاک پارتی" لە ئەمریکا ناویبرد.
 
مەسک دەڵێت، پلانی خەرجییە گەورەکەی سەرۆک بۆ کاروباری نێوخۆیی، قەرزی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بەڵێنی داوە هەموو توانایەکی بەکاربهێنێت بۆ شکستپێهێنانی ئەو یاسادانەرانەی کە دەنگیان پێداوە.
 
بەڕێوەبەری پێشووی فەرمانگەی کارامەیی حکومەت، کە هەڵمەتێکی گەورەی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵییەکان و فەرمانبەرە فیدراڵییەکان بەڕێوەبرد، لەڕووی خەرجیی ناوخۆییەوە، کۆمارییەکانی لەگەڵ رکابەرە دیموکراتەکانیادا بە یەک چاو سەیر کرد.
 
مەسک لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی، "کاتێک بابەتەکە دێتە سەر مایەپووچکردنی وڵاتەکەمان بەهۆی بەفیڕۆدان و گەندەڵییەوە، ئێمە لە سیستمێکی تاک پارتیدا دەژین، نەوەک دیموکراسی."
 
مەسک وردەکاریی کەمی لەبارەی پلانەکەیەوە خستەڕوو و روون نەبوو کە ئایا پارتەکەی لای دامودەزگەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا تۆمار کردووە یان نا، بەڵام ئەمە دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی 2026 و دواتریشدا، کێشە بۆ کۆمارییەکان دروست بکات.
 
"نیگەرانم"
 
وەک ئاماژەیەک بۆ هەستیاریی بابەتەکە بۆ ترەمپ، لەکاتێکدا هێشتا لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بوو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ هێرشەکانی بۆ سەر مەسک دووپاتکردنەوە.
 
ترەمپ نووسی: "نیگەرانم کە دەبینم ئیلۆن مەسک بە تەواوی "لە رێڕەو دەرچووە و لە پێنج هەفتەی رابردوودا بووەتە شەمەندەفەرێکی تێکشکاو. تاکە شتێک کە پارتی سێیەم تێیدا باش بێت، دروستکردنی پشێوی و ئاژاوەی تەواوە، ئێمەش بەهۆی دیموکراتە چەپە رادیکاڵەکانەوە بەشی پێویست لەوەمان هەیە."
 
لە گوتارێکی درێژدا، ترەمپ دووپاتیکردەوە کە خاوەندارێتیی مەسک بۆ کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلا وایکردووە دژی سەرۆک بوەستێتەوە، چونکە یاسای خەرجییەکان یارمەتییە داراییەکانی بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە کەمکردووەتەوە.
 
مەسک جەختی لەوە کردەوە کە دژایەتییەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی زیادبوونی کورتهێنانی دارایی و قەرزی گشتیی ئەمریکاوەیە لەو یاسایەدا.
 
پێشتر لە رۆژی یەکشەممە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە رەخنەی لە هەوڵەکانی مەسک بۆ هاتنە نێو گۆڕەپانی سیاسی گرت و پێی گوت کە باشترە سەرنجی لەسەر بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکانی بێت.
 
کاتێک سی ئێن ئێن پرسیاری لێکرد کە ئایا پلانی مەسک ئیدارەی ترەمپی نیگەران کردووە، بێسێنت بە رەخنەیەکی ناڕاستەوخۆ وەڵامی دایەوە.
 
بێسێنت گوتی: "پێم وایە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا جیاوازەکانی، دەیانەوێت بگەڕێتەوە و ئەو کۆمپانیایانە بەڕێوەببات کە لە هەموو کەسێک باشترە لەو کارەدا. بۆیە پێم وایە ئەو ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرانە بە راگەیێندراوەکەی دوێنێ دڵخۆش نەبوون و هانی دەدەن کە سەرنجی لەسەر چالاکییە بازرگانییەکانی بێت، نەوەک چالاکییە سیاسییەکانی."
 
مەسک لە مانگی ئایاردا فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی جێهێشت بۆ ئەوەی بە تەواوی کاتەکەی بۆ کۆمپانیاکانی تەرخان بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی فرۆش و ناوبانگی کۆمپانیای تێسلا بەهۆی ماوە کورتەکەی لە بازنەی نزیکی ترەمپەوە زیانی بەرکەوت.
 
ترەمپ لە کۆشکی سپی لە رێوڕەسمێکی سەیردا ماڵئاواییەکی گەورەی لێکرد، کە تێیدا مەسک بە چاوێکی شینبووەوە دەرکەوت و کلیلێکی زێڕینی کۆشکی سپی لە سەرۆک وەرگرت.
 
بەڵام تەنیا چەند رۆژێک دواتر، دوای ئەوەی مەسک رەخنەی لە یاسا سەرەکییەکەی ترەمپ بۆ خەرجییەکان گرت، لە سۆشیاڵ میدیادا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
 
رۆژی یەکشەممە کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا داوای کلیلە زێڕینەکە لە مەسک دەکاتەوە، ترەمپ هیچ قسەیەکی نەکرد.