سێ وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووداو: رێککەوتنی پێناسی گومرگی باشترە لە زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی بەلجیکا، هۆڵەندا و لیتوانیا لەبارەی رێککەوتنی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا لەبارەی پێناسە گومرگییەکان بە رووداویان راگەیاند، رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی سەقامگیری و باشترە لەوەی گرژییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا زیاد بن.
رۆژی یەکشەممە، 27ی تەممووزی 2025، لە شاری ترونبێری لە باشووری شاری گلاسکۆی سکۆتلاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "رێککەوتنێکمان کرد کە بۆ هەمووان باشە". سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپاش هەمان پەسنی بۆ رێککەوتنەکە دا.
فلۆریندا بالیسی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا، یەسپەر دێکەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا و راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا لەسەر ئەو پرسە بە ئیمەیل وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتی رووداویان داوەتەوە.
بەلجیکا: رێککەوتنەکە باشە، بەڵام شایستەی ئاهەنگگێڕان نییە
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، ئەمریکا 15٪ پێناسی گومرگی بەسەر هاوردەی یەکێتیی ئەورووپادا دەسەپێنێت و دەبێت وڵاتانی یەکێتیییەکەش بایی 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکەن.
فلۆریندا بالیسی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا رایگەیاند، رێککەوتنەکە "شتێکی باشە، بەڵام شایستەی ئەوە نییە ئاهەنگی بۆ بگێڕین". دەشڵێت، "رێککەوتنی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا لەبارەی پێناسە گومرگییەکان دەبێتە هۆی سەقامگیری، بەڵام پێویستە گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بکەین لەبارەی وردەکارییەکان. سەپاندنی 15٪ رێژەیەکی زۆر بەرزە و ئاگادارین ئەوە گوشار لەسەر پیشەسازییەکەمان دروست دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە کاریگەرییەکانی (رێککەوتنەکە) لەسەر ئابووریی بەلجیکا. لە لایەنی یەکێتیی ئەورووپاوە، بەردەوامن لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی بازاڕی نێوخۆیی و باشترکردنی دەرفەتی رکابەری. هەوڵی فرەسەرچاوەکردنی هاوبەشییە بازرگانییەکانیان دەدەن.
هۆڵەندا: رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی سەقامگیری
یەسپەر دێکەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاند، "رێککەوتنی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا دەبێتە هۆی سەقامگیریی زیاتر لە هاوبەشییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا کە گرنگییەکی زۆری بۆ کۆمپانیاکانمان هەیە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بە پێویستی دەزانێت، بەردەوام بن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی پێناسە گومرگییەکە. "هاوبەشییەکی بازرگانیی بەهێز لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا زۆر گرنگە و بەو جۆرەش دەمێنێتەوە".
یەسپەر دێکەر پێیوایە، رێککەوتنەکە زۆر دوورە لە ویستی ئەوان، بەڵام دەشڵێت: "زیادبوونی گرژییەکان لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە." هیوای خواست "ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمایەکی باش بۆ پەیوەندییەکی بازرگانی سەقامگیر لەگەڵ ئەمریکا".
لیتوانیا: رێککەوتنەکە باشترە لە زیادبوونی گرژییەکان
هەر سەبارەت بە پێناسە گومرگییەکان، راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە گشتیی هەبوونی رێککەوتنێک باشترە لە زیادبوونی گرژییەکان و جەنگی بازرگانی." دەشڵێت، "پێویستە رێککەوتن لەم ساتەدا ببێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا. وەبەرهێنانی ئەورووپا لە ئەمریکا پێویستە ببێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان."
سەرەڕای نیگەرانییەکانی بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا لە رێککەوتنەکە، بەڵام راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا دەڵێت، رێککەوتنەکە بە سوودی ئەوانیشە: "سوودی ئاشکرا لە رێککەوتنەکە هەیە بەتایبەت کڕینی بەرهەمەکانی وزەی ئەمریکا."
راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا دەڵێت: "جێگرتنەوەی سەرچاوەکانی رووسیا لە وڵاتێکی هاوپەیمانەوە تەنیا نابێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی ئەورووپا بەڵکو دەبێتە هۆی سنووردارکردنی تواناکانی رووسیا بۆ بەردەوامیدان بە جەنگەکەی دژی ئۆکراینا. پێویستە پیشەسازی یەکێتیی ئەورووپا سوود لە کەمکردنەوەی پێناسی گومرگی لەلایەن ئەمریکاوە ببینێت."
هەڵوێستی ئەو وڵاتانە لەکاتێکدایە بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، پار 976 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکادا هەبوو، 606 ملیاری هەناردەی ئەورووپا بوو بۆ ئەمریکا.