پێنج کەس بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی کۆچبەری سووریایی بۆ ئەورووپا دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەڵمانیا رایدەگەیێنن، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا دژی باندێک کە تۆمەتبارە بە بەقاچاخبردنی کۆچبەرانی سووریایی بۆ ئەورووپا، پێنج کەس لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا و بۆسنە دەستگیرکراون.
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، پۆلیسی میونشن و داواکارانی گشتی لە شارۆچکەی ڤایدنی هەرێمی باڤاریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، تۆمەتبارەکان هاووڵاتیی سووریان و تەمەنیان لەنێوان 26 بۆ 37 ساڵیدایە.
سووریاییەکان تۆمەتبارن بەوەی لە رێگەی وڵاتانی بالکانەوە، لە ساڵی 2021ـەوە، لانیکەم 500 کەسیان بردووەتەوە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوای ئەورووپا.
لێکۆڵەرانی ئەڵمانیا پێیانوایە ژمارەی راستەقینەی ئەوانەی تۆمەتبارەکان بەقاچاخ بردوویانن زۆر لەوە زیاترە.
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی میونشن و داواکارانی گشتیی هاتووە، "رێکخراوەکە خۆی دەڵێت: لە ساڵی 2022 دا رۆژانە تاوەکو 480 کەسی بۆ ئەڵمانیا و ئەورووپا بە قاچاخ بردووە".
باندەکە بۆ هەر کەسێک بڕی 4,500 یۆرۆ (5,230 دۆلار)ی وەرگرتووە و لەنێوان ساڵانی 2022 و 2025 لانیکەم 1.4 ملیۆن یۆرۆی قازانج کردووە.
بەرپرسانی ئەڵمانیا رایانگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەی پۆلیس کە رۆژی چوارشەممە ئەنجامدراوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی دژەتاوانی یەکێتیی ئەورووپا "یورۆپۆڵ" و "یورۆجەست" بووە.
پۆلیسی ئەڵمانیا و هۆڵەندا پشکنینیان بۆ سێ باڵەخانە لە شارەکانی دۆرتمۆند و بۆخووم لە ئەڵمانیا و خانوویەک لە شاری هاوتن لە هۆڵەندا کردووە.
بەرپرسانی ئەڵمانیا ئاماژە بەوەش دەکەن، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، "دەست بەسەر بەڵگەی زۆردا گیراوە، لەوانە مۆبایلی زیرەک و ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا بەکارهاتوون، هەروەها بڕێکی کەم مادەی هۆشبەر".