وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: سووریا لە دووڕیانێکی چارەنووسساز دایە

رووداو دیجیتاڵ

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "سووریا لەم قۆناخە لە دووڕیانێکی چارەنووسساز دایە بۆ گەیشتن بە شکۆمەندی و دەمانەوێت دەرفەتێکی پێبدەین."
 
رۆژی پێنجشەممە، 07-08-2025، تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی  رووداوی لە واشنتن گوت، "ئێمە دەمانەوێت دەرفەتێک بە سووریا بدەین بۆ گەیشتن بە شکۆمەندی، سووریا لەسەر دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە سەبارەت بە توانای بەدیهێنانی ئەو ئامانجە."
 
کانوونی دووەمی پار، دەسەڵاتی بەشار ئەسەد رووخێندرا و لەو کاتەیشەوە روانگەی ئەمریکا بەرامبەر سووریا گۆڕاوە. 
 
ئایاری ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی سعودیەی کرد، لەوێ بە نێوەندگیری محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی شانشینەکە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا کۆبووەوە. ئەو کات رایگەیاند، سزاکان لەسەر سووریا کەمدەکاتەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەمبارەیەوە بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە پێگەی سووریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانکاری تیرۆر، بۆ ئەوەی ئەگەر لەگەڵ رێکار و یاساکانی ئەمریکا بگونجێت، لە لیستەکە دەربهێنرێت. 
 
بەرپرسەکە گوتی، "لەسەر راسپاردەی سەرۆک [دۆناڵد] ترەمپ، وەزارەتی دەرەوە پێداچوونەوە بە بڕیاری پۆڵێنکردنی سووریا وەک وڵاتی پشتیوانکاری تیرۆر دەکات."
 
تۆمی پیگێت لەمبارەیەوە گوتی، "ئێمە بەردەوامین لە دیالۆگ، و بەردەوامین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان لە ناوچەکە."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی تۆمی پیگێت و رووداو:
 
رووداو: زۆر سوپاس، تۆمی. دوو پرسیارم هەیە لەسەر سووریا. بەو پێیەی سەرۆک ترەمپ رێنمایی وەزارەتی دەرەوەی کردووە کە پێداچوونەوە بکات بە لابردنی سووریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر، ئایا ئەوە بەم زووانە روودەدات و ئەوە لە رووی سزاکانەوە چ واتایەکی دەبێت؟
 
تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ببورە، دەکرێت جارێکی دیکە پرسیارەکەت دووبارە بکەیتەوە؟
 
رووداو: سەرۆک ترەمپ رێنمایی وەزارەتی دەرەوەی کردووە کە پێداچوونەوە بکات بە لابردنی سووریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر. ئایا ئەوە بەم زووانە روودەدات و لە رووی سزاکانەوە چ واتایەکی دەبێت؟
 
تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: من ئامادە نیم پێشوەختە باسی دوا بڕیاری راگەیاندنی ئەمە بکەم. کاتێک شتێکمان هەبێت بۆ راگەیاندن، رایدەگەیەنین. ئەوەی دەتوانم بیڵێم، وەک چۆن سەرۆک گوتوویەتی، وەک چۆن نێردەی تایبەت [تۆم] باراک گوتوویەتی، و وەک چۆن وەزیری دەرەوە گوتوویەتی، ئێمە دەمانەوێت دەرفەتێک بە سووریا بدەین بۆ گەیشتن بە شکۆمەندی، و سووریا لێرەدا لەسەر دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە سەبارەت بە توانای بەدیهێنانی ئەو ئامانجە. بۆیە ئێمە بەردەوامین لە دیالۆگ، و بەردەوامین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان لە ناوچەکە. کاتێک شتێکمان هەبێت بۆ راگەیاندن، رایدەگەیەنین.
 
رووداو: پرسیاری دووەم، بەو پێیەی ئێوە نێوەندگیریی دانوستاندنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات [هەسەدە] و حکومەتی سووریا دەکەن، ئایا بەم دواییانە هیچ پێشکەوتنێکتان لەم دانوستاندنانەدا بینیوە؟ هەروەها هەفتەی رابردوو، تامی گوتی کە هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە پەرەسەندنی ئەم دانوستاندنانە نەگۆڕاوە. دەتوانن ئەوە روون بکەنەوە. ئایا ئەمریکا لەم دانوستاندنانەدا هیچ شتێک بەسەر سووریا و هەسەدەدا دەسەپێنێت، یان بابەتەکەتان بۆ سووریاییەکان خۆیان جێهێشتووە کە بڕیار بدەن ئایا دەوڵەتێکی فیدراڵی یان ناوەندییان دەوێت؟
 
تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: نێردەی تایبەتی ئەمریکا [تۆم باراک] لەم بارەیەوە قسەی کردووە. من لەوە زیاتر کە ئەو لە لێدوانەکانیدا سەبارەت بە گفتوگۆ هەستیارەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکان باسی کردووە، قسە ناکەم. بۆ وەرگرتنی وردەکاریی زیاتر، ئاراستەتان دەکەم بۆ لێدوانەکانی ئەو.