تاڵیبان کابینەی حکومەتی کاتی رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی تاڵیبان بەشێکی کابینەی حکومەتی کاتیی بەناوی "میرنشینی ئیسلامی ئەفغانستانی راگەیاند" کە ژمارەیەک لە وەزیرەکانی لە لیستی تیرۆردان.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان ناوی 33 پۆستی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی راگەیاند کە هەموویان بە پیاوان دراون و زۆربەیان بەرپرسانی باڵای تاڵیبانن.
تاڵیبان پێشتر رایگەیاندبوو کە حکومەتێکی گشتگیر رادەگەیێنن، پرسیار لە زەبیحوڵڵا موجاهید کرا بۆچی هیچ ژنێک لە نێو کابینەکەیاندا نییە، لە وڵامدا گوتی، "کابینەکە هێشتا تەواو نەبووە، ئەمە تەنیا کابینەیەکی کاتییە".
مەلا محەمەد حەسەن ئاخوند، بە سەرۆکوەزیرانی ئەفغانستان دەستنیشانکراوە کە یەکێکە لە دامەزرێنەکارانی تاڵیبان و لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
ئاخوند خەڵکی ویلایەتی قەندەهارە کە بە شوێنی لە دایکبوونی تاڵیبان دادەنرێت و لە سەردەمی حکومەتی یەکەمی تاڵیبان لە ساڵانی 1990ـەکان حاکمی ئەو ویلایەتە بووە.
هەروەها کەسێکی نزیکی مەلا عومەری دامەزرێنەری تاڵیبان بووە و پۆستی جێگری وەزارەتی دەرەوەشی پێدرابوو.
هاوکات مەلا عەبدولغەنی بەرادەر، کە یەکێکی دیکەیە لە دامەزرێنەرەکانی تاڵیبان و لە دانوستاندنەکانی دەوحە نوێنەرایەتیی بزووتنەوە چەکدارەکە دەکات، کراوەتە جێگری سەرۆکوەزیران.
عەبدولسەلام حەنەفی، ئەندامی نووسینگەی سیاسیی تاڵیبان لە دەوحە، بەهەمان شێوە، دەبێتە جێگری سەرۆکوەزیران.
مەلا سیراجەدین حەقانی، سەرۆکی تۆڕی حەقانی کە لەلایەن ئەمریکاوە بە تۆڕێکی "تیرۆرستی" پۆڵێنکراوە، کراوەتە وەزیری نێوخۆ بەوەکالەت.
سیراجەدین حەققانی کە هاوکات جێگری رێبەری باڵای تاڵیبانە، دەگوترێت لە نێوان ساڵانی 1973 و 1980 لە ئەفغانستان یان لە پاکستان لەدایکبووە.
بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە، لە لایەن ئەمریکاوە داواکراوە و 5 ملیۆن دۆلار خەڵاتی ئاشکراکردنی شوێنەکەیەتی.
دوای کۆنترۆڵکردنی کابوول لە 15ی مانگی رابردوو، کرابووە بەرپرسی ئاسایشی شارەکە.
مەلا یەعقوب کە دەکاتە کوڕی مەلا عومەری دامەزرێنەری تاڵیبان، پۆستی وەزیری بەرگری پێدراوە.
کابینە کاتییەکەی تاڵیبان لە 19 وەزیر، سێ سەرۆک فەرمانگە، حەوت جێگری وەزیر و سوپاسالارێک پێکدێت.
لە کاتێکدا کە تاڵیبان سەرقاڵی گۆڕینی خۆیەتی لە بزووتنەوەیەکی چەکدارەوە بۆ حکومەتێکی شارستانی، رووبەڕووی ژمارەیەک ئاستەنگ دەبێتەوە، لە نێویشیاندا، نائامادەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دانپێدانان بە حکومەتەکەی، قەیرانی ئابووری و دارایی، قەیرانی مرۆیی و هەڕەشەکانی داعش.
پۆستەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری تاڵیبان بەم شێوەیەی خوارەوەن:
مەلا محەممەد حەسەن ئاخوند، سەرۆکوەزیرانی بەوەکالەت
مەلا عەبدولغەنی بەرادەر، جێگری سەرۆکوەزیرانی بەوەکالەت
عەبدولسەلام حەنەفی، جێگری سەرۆکوەزیرانی بەوەکالەت
محمد يعقوب موجاهید، وەزیری بەرگریی بەوەکالەت
مەلا سیراجەدین حەقانی، وەزیری نێوخۆ بەوەکالەت
ئەمیرخان موتەقی، وەزیری دەرەوە بەوەکالەت
مەلا هیدایەتوڵڵا بەدری، وەزیری دارایی بەوەکالەت
نورەڵڵا مونیر، وەزیری پەرەوەردە بەوەکالەت
مەلا خەیرەڵڵا خێرخواهـ، وەزیری زانیاری و فەرهەنگ بەوەکالەت
قاری دین حەنیف، وەزیری ئابووری بەوەکالەت
نوور محەممەد ساقب، وەزیری حەج و عومرە بەوەکالەت
عەبدولحەکیم شەرعی، وەزیری داد بەوەکالەت
نووڕەڵڵا نووری، وەزیری سنوورەکان و کاروباری هۆزەکان بەوەکالەت
مەلا محەممەد یونس ئاخوندزادە، وەزیری گەشەپێدان بەوەکالەت
محەممەد خالید، وەزیری بانگخوازی و رێنوێنیکردن و ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە بەوەکالەت
مەلا عەبدولمەنان عومری، وەزیری کاروباری گشتیی بەوەکالەت
مەلا محەممەد عیسا ئاخوند، وەزیری سەرچاوە سرووشتییەکان و نەوت بەوەکالەت
مەلا عەبدوللەتیف مەنسوور، وەزیری ئاو و کارەبا بەوەکالەت
مەلا حەمیدەڵڵا ئاخوندزادە، وەزیری گواستنەوە و فڕۆکەوانیی مەدەنی بەوەکالەت
عەبدلباقی حەققانی، وەزیری خوێندنی باڵا بەوەکالەت
نەجیبوڵڵا حەققانی، وەزیری هەواڵگیری بەوەکالەت
خەلیلولڕەحمان حەققانی، وەزیری کۆچبەران بەوەکالەت
مەلا عەبدولحەق وەسیق، سەرۆکی فەرمانگەی هەواڵگریی گشتی
محەممەد ئیدریس، سەرۆکی بانکی ناوەندنیی ئەفغانستان
ئەحمەد جان ئەحمەدی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیران
مەلا محەممەد فازڵ مەزڵوم، جێگری وەزیری بەرگری
قاری فەسیحەدین لوئەی، سوپاسالار
شێر محەممەد عەباس ستانکەزی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە
نوور جەلال، یاریدەدەری وەزیری نێوخۆ
زەبیحوڵڵا موجاهید، یاریدەدەری وەزارەتی زانیاری و فەرهەنگ
مەلا تاج میر جەواد، یاریدەدەری سەرۆکی هەواڵگیریی گشتی
مەلا رەحمەتوڵڵا نەجیب، یاریدەدەری سەرۆکی هەواڵگریی گشتی
عەبدولحەق ئاخوند یاریدەدەری وەزارەتی نێوخۆ بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر