ئایفۆن 14 نمایش دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رۆژی یەکێک لە رووداوە هەرە گەورەکانی جیهانی تەکنەلۆژیایە. خولیایانی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی چاوەڕێی ئاشکراکردنی زنجیرەی ئایفۆن 14ەن کە چاوەڕواندەکرێت کۆمەڵێک تایبەتمەندیی نوێ لەخۆبگرێت، بەڵام بە نرخێکی گرانتر، ئەوەش بەهۆی هەڵاوسان و دروستبوونی کێشە لە زنجیرەی دابینکاریی جیهانیدا.
 
وەکو زنجیرە ئایفۆنەکانی ساڵانی پێشوو، زنجیرەی ئەمساڵ، iPhone 14، iPhone 14 Pro، iPhone 14 Pro Max لەخۆدەگرێت. چاوەڕێ دەکرێت نوێترین ئایفۆن باریکتر بێت و شاشەیەکی گەورەتری هەبێت. 
 
هەروەها پێگە تەکنەلۆژییە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، ئەپڵ بۆ یەکەمجار ئایفۆنێکی شاشە قەبارە 6.7 ئینچی رادەگەیێنێت کە لە مۆدێلی پڕۆ نییە، واتە نرخێکی هەرزانتری دەبێت.
 
نۆچ یاخود ئەو هێڵەڕەشەی لە دەوری کامێرا و دەنگدەری سەرەوە هەیە، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایفۆنی نوێدا نەمێنێت یاخود بە شێوەیەکی بەرچاو بچووک بکرێتەوە.
 
هەروەها پێشبینی دەکرێت لە ئایفۆنی نوێدا کوالێتیی کامێرا بەرزکرابێتەوە و بۆ ئایفۆن چواردە ببێتە یەکەم بەرهەمی کۆمپانیا ئەمریکییەکە کە بتوانێت ڤیدیۆ بەڕوونی 8K تۆمار بکات. 
 
بەڵام ئەو ئایفۆنە قەبارە بچووکانەی کە لە زنجیرەکانی پێشوودا هەبوون، پێشبینیکراون کە لەمەیاندا نەمێنن. شارەزایانی بازاڕی مۆبایل دەڵێن، نرخی پڕۆ و پڕۆ ماکس لانیکەم 100 دۆلاری دەچێتە سەر بەراورد بە بەرهەمەکانی ساڵی پێشوو. 
 
کاتژمێر و ئەیرپۆدەکان
 
یەکێکی دیکە لەو بەرهەمانەی لە کۆنفرانسی ئەمڕۆی ئەپڵدا ئاشکرا دەکرێن، بەگوێرەی پێشبینییەکان، نوێترین کاتژمێری ئەپڵە، کە چاوەڕێ دەکرێت بۆ یەکەمین جار مۆدێلی پڕۆ لەخۆبگرێت کە تایبەت دەبێت بە خولیایانی وەرزش و لەشڕێکی. 
 
میدیای ئەمریکی باس لەوە دەکات کە بیستۆکی ئەپڵ کە AirPod Prosی پێدەگوترێت، پەرەی زیاتریان پێدراوە و لەم نمایشەدا دەخرێنەڕوو.