بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 پلەی رێختەر ئەفغانستانی هەژاند
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا دەڵێت، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 پلەی رێختەر باکووری رۆژئاوای ئەفغانستانی هەژاندووە.
ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 پلەی رێختەر باکووری رۆژهەڵاتی شاری هیراتی هەژاندووە. دواتر پاشلەرزەیەک بە گوڕی 5.5 پلەی رێختەری بەدوادا هاتووە.
بەگوێرەی ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەڵمانیاش، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر روویداوە.
تاوەکو ئێستا زیانەکانی بوومەلەرزەکە دیارنین، بەڵام ئاژانسی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا هۆشداریی زیانی گیانی دەدات. هاوکات، بەشێکی خانووی هاووڵاتییان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئەفغانستان، هاووڵاتییانی هیرات کاژێر 6:30 خولەک بەکاتی کابوول [9:30 خولەک بەکاتی هەولێر] هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە و بەشێکیان دووکان و ماڵەکانیان جێهێشتووە.
ئەفغانستان بە بوومەلەرزە نامۆ نییە؛ بەتایبەتی ئەو ناوچانەی وڵاتەکە کە دەکەونە سەر زنجیرە چیاکانی هیندو کوش کە دەکەوێتە نزیک پلێتەکانی یۆراسیا و هیندستان.
حوزەیرانی پار سەروو هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزار کەسی دیکەش ماڵەکانیان جێهێشت کاتێک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەر پارێزگای پاکتیکای وڵاتەکەی هەژاند.