نەخشەی جیهانیی ئالوودەبوون بە مۆبایل: چین و سعودیە لە پێشەنگدان
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێی بەرفراوان کە بە سەرپەرشتیی پسپۆڕانی زانکۆی مەکگیلی کەنەدی کراوە، پەردە لەسەر نەخشەی جیهانیی بەکارهێنانی زیانبەخشی مۆبایلی زیرەک لادەدات و دەریدەخات کە چین، سعودیە و مالیزیا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەوەن کە بەرزترین رێژەیان تێدا تۆمارکراوە.
ئەم توێژینەوەیە، لە گۆڤاری زانستیی ناسراوی (Computers in Human Behavior) بڵاوکراوەتەوە، شیکارییەکی قووڵی بۆ ئەو زانیارییانە کردووە کە لە ماوەی شەش ساڵدا، لە 24 وڵاتی جیاوازی جیهان کۆکراونەتەوە.
توێژینەوەکە پشتی بە شیکاریی داتای زیاتر لە 80 توێژینەوەی پێشووتر بەستووە، کە تێیاندا پێوەری ستانداردی "ئالوودەبوون بە مۆبایلی زیرەک" بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی بەکارهێنانی زیانبەخش بەکارهێنراوە.
دەرەنجامەکان تەنیا لەسەر بنەمای ژمارەی کاژێرەکانی بەکارهێنانی مۆبایل نین، بەڵکو جەخت لەسەر رەفتارە کێشەدارەکان دەکەنەوە. ئەمەش ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە تێیدا بەکارهێنانی مۆبایل کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی رۆژانەی تاک دەکات، وەکو تێکدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، پشتگوێخستنی ئەرکەکان، هەروەها دەرکەوتنی نیشانەکانی وەکو دڵەڕاوکێ و تووڕەیی لە کاتی دوورکەوتنەوە لە ئامێرەکە.
ئەو وڵاتانەی بەرزترین رێژەیان تێدا تۆمارکراوە:
لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە بەکارهێنانی زیانبەخشی مۆبایلی زیرەک لە هەندێک وڵاتدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە. ریزبەندییەکە بەم شێوەیەیە:
1- چین
2- سعودیە
3- مالیزیا
4-بەرازیل
5- کۆریای باشوور
6- ئێران
7- کەنەدا
8- تورکیا
ئەو وڵاتانەی نزمترین رێژەیان تێدا تۆمارکراوە:
نزمترین رێژەکانی بەکارهێنانی زیانبەخش لە کیشوەری ئەورووپا تۆمارکراون، بەتایبەتی لە وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا و فەرەنسا، کە ئاماژەیە بۆ بوونی جیاوازی جوگرافی و کولتووریی بەرچاو لەم بوارەدا.
هۆکارە شاراوەکانی پشت رێژە بەرزەکان
توێژەران چەند هۆکارێک بۆ ئەم جیاوازییە گەورەیە لەنێوان وڵاتاندا دەستنیشان دەکەن، کە تێکەڵەیەکن لە فاکتەری کۆمەڵایەتی، کولتووری و تەکنەلۆژی.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی کۆمەڵگەکان. لەو کولتوورانەی کە زیاتر جەخت لەسەر یەکگرتوویی گرووپ و پەیوەندییە بەکۆمەڵەکان دەکەنەوە وەکو لە کولتوورە تاکگەراییەکان، رێژەی بەکارهێنانی زیانبەخش بەرزترە. گوشاری کۆمەڵایەتی بۆ مانەوە لە پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپەکانی نامەناردنەوە، تاکەکان ناچار دەکات بە شێوەیەکی بەردەوام مۆبایلەکانیان بپشکنن، ئەمەش ئەگەری گەشەکردنی رەفتاری زیانبەخش زیاد دەکات.
توێژینەوەکە بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنجی لەسەر چینی هەرزەکاران و گەنجان بووە (تەمەن 15 بۆ 35 ساڵ). ئەم توێژە بە سرووشتی خۆی زۆرترین کات لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر دەبات و خاوەنی زۆرترین رێژەی مۆبایلی زیرەکە. ئەوان زیاتر رووبەڕووی کاریگەرییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گوشاری هاوتەمەنەکانیان دەبنەوە، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر ئامادەبن بۆ کەوتنە داوی بەکارهێنانی زیانبەخشەوە.