بڕیارەکەی شەرع لەبارەی نەورۆز، برینێکی کۆنی کورد هەڵدەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەواڵێک دووری نێوان نیویۆرک و سوریا ناهێڵێت. لانیکەم لە مێشکی ئەم ژنە کوردەی دانیشتووی نیویۆرکدا، کە رۆژی یەکشەممە ئایفۆنەکەی بە هەواڵێکی نەخوازراو رووناک بووە.
رووکایا حەسکۆ، دانیشتووی نیویۆرکە و بە رەچەڵەک خەڵکی عەفرینە، بۆ رووداو ئاماژەی بە بڕیارێکی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کرد کە نەورۆز وەکو پشوویەکی نیشتمانی هەژمار ناکات و دەڵێت "ئەمە برینی کۆن دەکولێنێتەوە".
رووکایە نیگەرانە بڕیارەکەی شەرع، لەگەڵ چەند بڕیارێکی دیکەدا وەکو هێشتنەوەی ناوی سووریا بە کۆماری عەرەبی سووریا، ئاماژەی خراپن کە لە سووریای دوای ئەسەدیش کورد وەکو هاووڵاتی پلە دوو هەژمار بکرێت.
ئەمریکا رۆڵی نێوەندگیر لەنێوان رۆژئاڤای کوردستان و دیمەشق دەگێڕێت و رۆژی دووشەممە بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ وێنەیەکی خۆی لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، بڵاوکردەوە و گوتی، گفتوگۆی "جەوهەری"یان ئەنجامداوە.
لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گووتەبێژی سکرتێری گشتی رۆژی دووشەممە ئاگاداری بڕیارەکەی رۆژی پێشتری شەرع نەبوو بەڵام بەڵێنی بە رووداودا لەوبارەیەوە هەڵوێستی سکرتێری گشتی وەربگرێت.
ستێفان دووژاریک بۆ رووداو: "ئەو بڕیارەم نەدیوە. لەو بارەیەوە، پەیوەندیت پێوە دەکەمەوە. ئاشکرایە، وەکو پێشتر چەندینجار ئاماژەمان پێداوە، گرنگە دەسەڵاتدارانی دیمەشق، گرنگە حکومەت دڵنیابێت کە هەموو سورییەک، بەبێ رەچاوکردنی دین و نەتەوەیان، هەستبکەن بەشێکن لە داهاتووی وڵاتەکە."
دوای رووداو، پرسیاری دیکە لە بارەی مافی کەمینەکانی سووریاوە کرا و ئەم جارە گوتەبێژەکە زانیاری زیاتری بڵاوکردەوە.
ستێفان دووژاریک لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکی دیکەدا: "بەئاشکرا لەبەرچاوە کە ئێستا ئاڵنگاریی زۆر لە سووریا هەیە. هەندێکیان پەیوەندییان بە کەمینەکانەوە هەیە. پرسی لەخۆگرتنی هەمووان و پێویستی هەبوونی حکومەتێک کە بوونیاتنەرانە رووبەڕووی ئەم بابەتانە ببێتەوە، بەشێک بوو لە گفتوگۆکانی سکرتێری گشتی لەگەڵ بەڕێز شەرعدا."
ئەم بڕیارە دوای سەردانە سەرکەوتووەکەی شەرع دێت بۆ نیویۆرک کە تیایدا چاوی بە سەرۆکی وڵاتان کەوتوو و گوتارێکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشکرد. پسپۆڕان دەڵێن ئەو پێشوازییە گەرمەی جیهان لە شەرع گەشتبینانەترە لەو هەستەی کەمینەکانی سووریا لەبارەی داهاتوویانەوە هەیانە.
دەیڤد رۆمانۆ، مامۆستای سیاسەت لە زانکۆی ویلایەتی میزووری، بۆ رووداو: "زۆر کەمایەتی سووریا، کورد، درووز، عەلەوییەکان، کریستیانەکان، ترسێکیان هەیە کە رژێمی نوێی سووریا، حکومەتی نوێی سووریا، هەوڵی سەپاندنی جۆرێک دیکتاتۆریەتی زۆرینە سوونەی عەرەبی بەسەریاندا دەدات."
رۆژی دووشەممە، گرژییەکانی نێوان دیمەشق و رۆژئاڤای کوردستان زیاتر بوون دوای ئەوەی پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سەر بە دیمەشق و هەسەدەدا دروست بوون و بەرپرسانی حکومەتی و سووریا و هەسەدە هەواڵەکەیان بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتیان لە هێرشەکاندا کوژراو و بریندار هەن.