رووسیا: شەوی رابردوو 209 درۆنی ئۆکراینیمان خستوونەتە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان یەکێک لە گەورەترین هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینایان تێکشکاندووە، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ 209 درۆنیان خستوونەتە خوارەوە.
رۆژی سێشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025 وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، زۆربەی درۆنەکان لە ئاسمانی سێ هەرێمی ستراتیژیدا خراونەتە خوارەوە، کە بریتین لە کورسک، نیژنی نۆڤگۆرۆد و بێلگۆرۆد، کە دەکەوێتە سەر سنوور.
ئەمە دووەم شەپۆلی گەورەی هێرشی درۆنییە، کە کیێڤ لە ماوەی کەمتر لە 48 کاژێردا دەیکاتە سەر خاکی رووسیا، ئەمەش نیشانەی چڕبوونەوەی هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئۆکراینایە لە قووڵایی خاکی رووسیا.
گلێب نیکیتین، پارێزگاری نیژنی نۆڤگۆرۆد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام پشتڕاستی کردەوە، هێرشەکان دامەزراوەیەکی پیشەسازییان لە هەرێمەکە کردووەتە ئامانج، بەڵام قەبارەی زیانەکانی روون نەکردەوە.
هێرشەکەی ئەمڕۆ دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممە ئۆکراینا بە 251 درۆن هێرشی کردە سەر رووسیا. لە یەکێک لەو هێرشانەدا، مووشەکێک بەر شاری بێلگۆرۆد کەوت، کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرایناوە دوورە، لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری بێلگۆرۆد رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەوە، کارەبا لەسەر هەزاران دانیشتووی چوار شارۆچکەی هەرێمەکە پچڕاوە و تیمەکانی چاککردنەوە سەرقاڵی کارکردنن بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا.
کیێڤ لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا ستراتیژی هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە، پاڵاوگەکانی نەوت و بنکە سەربازییەکانی نێو خاکی رووسیای چڕ کردووەتەوە.
سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، هێرشێکی بە 154 درۆن و مووشەک کردووەتە سەر چەندین ناوچەی ئۆکراینا، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە نزیکەی نیوەیان بخەنە خوارەوە.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئۆکراینا، یەکێک لە درۆنەکان بەر ژێرخانی هێڵی ئاسن و وزەی هەرێمەکانی پۆڵتاڤا و سومی کەوتووە، بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لەسەر زیاتر لە 1000 هاووڵاتی.