یۆنان یاسای هەڵگرتنی چەک تووند دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای رووداوە خوێناوییەکەی دوورگەی کریت، حکومەتی یۆنان رایگەیاند، رێکاری تووندتر بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک دەگرێتەبەر.
 
میکالیس کریسۆکۆیدیس، وەزیری پاراستنی هاووڵاتییانی یۆنان لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی رێکارە نوێیەکانی خستەڕوو و رایگەیاند، ئیدی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت وەک تاوانێکی گەورە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، نەوەک وەک سەرپێچییەکی بچووک؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە سەرجەم مۆڵەتەکانی چەک لەسەرتاسەری وڵات دەکرێ بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی خاوەنەکانیان بە یاساوە.
 
پێکدادانە چەکدارییەکەی رۆژی شەممە لە گوندی ڤۆریزیا روویدا و تێیدا دوو کەس کوژران کە هەریەکەیان سەر بە یەکێک لە بنەماڵە دووژمندارەکان بوو. بەپێی پۆلیس، شەڕەتەقەکە چەند کاژێرێک دوای ئەوە روویدا کە خانووی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکان تەقێندرایەوە.
 
هەرزوو هێزێکی زۆری پۆلیس رەوانەی گوندەکە کرا. هاوکات، وەزارەتی پاراستنی هاووڵاتییان بڕیاریدا کە زیاتر لە 200 ئەفسەری دیکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە دوورگەی کریت جێگیربکرێن. ئەرکی ئەم هێزە نوێیە رووبەڕووبوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان دەبێ، لەوانەش قاچاخچێتیی چەک و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و دزینی ئاژەڵ.
 
ستاڤرۆس ئارناوتاکیس، پارێزگاری کریت بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، هاووڵاتییان تاوانەکان دەبینن، بەڵام "دەترسن سکاڵا تۆماربکەن،" ئەوەش لە ترسی تۆڵەسەندنەوە.
 
هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک کەسیان لە ڤۆریزیا دەستگیرکردووە، بەڵام دەستیان بەسەر زۆربەی ئەو چەکانەدا نەگرتووە کە لە پێکدادانەکەدا بەکارهاتبوو.
 
هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە کریت مێژوویەکی درێژی هەیە و تۆڵەسەندنەوەی خوێناوی لەنێوان بنەماڵەکاندا رووداوێکی باوە. مانگی رابردوو، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ لە ئاهەنگی گوندێکدا لە رۆژئاوای کریت تەقەی لە پیاوێکی تەمەن 52 ساڵ کرد و کوشتی.
 
بەپێی راپۆرتێک کە لە مانگی حوزەیراندا لەلایەن رێکخراوی ناحکومیی "دەستپێشخەریی جیهانی دژی تاوانی رێکخراوی نێودەوڵەتی" بڵاوکرایەوە، مەزەندە دەکرێ نزیکەی یەک ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت لە یۆنان هەبن.