گەردەلوولی مێلیسا لە جامایکا: 5 ملیۆن تۆن پاشماوە و زیانی ئابووریی گەورە
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە تێپەڕبوونی گەردەلوولی بەهێزی مێلیسا بەسەر جامایکادا، نزیکەی پێنج ملیۆن تۆن پاشماوەی وێرانکاری لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بڵاوکردووەتەوە. ئەم بڕە زۆرەی پاشماوە بووەتە هۆی دروستبوونی رێگریی گەورە لەسەر رێگەکان و پەکخستنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەکو تەندروستی و فریاگوزاری.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، کیشان خۆدای، نوێنەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) لە رێگەی ڤیدیۆوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک رایگەیاند، کە گەردەلوولی مێلیسا یەکێک بوو لە بەهێزترین ئەو گەردەلوولانەی کە تاوەکو ئێستا رووی لە جامایکا کردبێت و بەهۆیەوە خراپترین کارەساتی کەشوهەوای لە مێژووی دوورگەکەدا دروستکردووە.
خۆدای گوتیشی کە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، قەبارەی زیانە ئابوورییەکانی گەردەلوولەکە بە نزیکەیی یەکسانە بە 30٪ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی جامایکا، کە ئەمەش زیانێکی زۆر گەورەیە بۆ ئابووریی وڵاتەکە و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ دەرکەوتنی زیاتری لێکەوتەکان، ژمارەکە بەرزترببێتەوە.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان روونیکردەوە: "ئەم گەردەلوولە وێرانکەرە شوێنەواری وێرانکارییەکی زۆری لە سەرانسەری رۆژئاوا و ناوەڕاستی جامایکا بەجێهێشت، کە بووە هۆی گیانلەدەستدان، وێرانبوونی خانوو، لەناوچوونی هەلی کار، کێڵگە و ژێرخانی گرنگ. زیانێکی زۆر بەر بژێوی ژیانی هاووڵاتیان کەوت و بە تۆن پاشماوە لە سەرانسەری وڵاتەکە بڵاوبوونەوە."
بە پشتبەستن بە وێنە سەتەلایتییەکان و شیکارییە سەرەتاییەکان، بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی دەکات کە گەردەلوولەکە زیاتر لە 4.8 ملیۆن تۆن پاشماوەی لە داروپەردوو، بینای رووخاو و ماددەی دیکە بەجێهێشتووە.
هەفتەیەک دوای ئەوەی گەردەلوولەکە کاریبیی گرتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە جامایکا بەهۆی لافاو و رووخانی باڵەخانەکانەوە گەیشتە 32 کەس، لە کاتێکدا بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کۆی گشتیی قوربانییان لە سەرانسەری ناوچەکەدا 76 کەس بووە.
گەردەلوولەکە وەکو گەردەلوولێکی پلە 5 کە بەرزترین پلەیە، رووی لە کەناراوەکانی جامایکا کرد و دواتر بەرەو رۆژهەڵاتی کوبا بەردەوام بوو.
بەپێی توێژینەوەیەکی زانستیی کۆلێژی ئیمپریالی لەندەن کە دوای کارەساتەکە بڵاوکرایەوە، گەرمبوونی ئاوی زەریاکان کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا روویداوە، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی هێز و تووندیی گەردەلوولەکە بووە.