لە رووسیا کچێکی 14 ساڵ دەستڕێژی گولـلەی لە هاوپۆلەکانی خۆی کرد و دواتر خۆی کوشت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە قوتابخانەیەکی رۆژئاوای رووسیا، کچێکی تەمەن 14 ساڵ تەقەی لە هاوپۆلەکانی کرد، یەکێکی کوشت و پێنجی بریندار کرد، دواتر خۆی کوشت. پۆلیس تائێستا لە لێکۆڵینەوەدایە بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی چەک و هۆکاری تەقەکردنەکە.
 
تەندروستیی ناوچەکە دەڵێت، برینی یەکێک لە بریندارەکان سەختە.
 
رۆژی پێنجشەممە 7-12-2023، بەرپرسانی پارێزگای بریانسک لە رووسیا رایانگەیاند، "لە قوتابخانەیەکی شارەکە قوتابییەک کە کچێکی 14 ساڵانە، دەستڕێژی گوللەی لە هاوپۆلەکانی خۆی کرد و کچە قوتابییەکی هاوتەمەنی خۆی کوشت و پێنج قوتابی دیکەشی بریندار کرد، دواتر بەهەمان چەک خۆیشی کوشت".
 
لە لێدوانێکدا لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کچەکە تاپڕەکەی لەگەڵ خۆی بردووەتە قوتابخانە و تەقەی کردووە".
 
لەبارەی هۆکاری تەقەکردنەکە، لیژنەکە رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
 
ئەلیلکساندەر بۆگۆماز، پارێزگاری بریانسک رایگەیاند، "رووداوێکی تراژیدییە، هەموو بریندارەکان منداڵن و برینیان سووک و مامناوەندە". تەندروستیی ناوچەکەش دەڵێت، برینی یەکێکیان سەختە.
 
میدیای رووسیا وێنەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن ئەوە بکوژەکەیە، لە وێنەکە دەردەکەوێت بکوژەکە جلی رەشی لەبەرە و لەنێو پێڵاویدا چەقۆیەکی گەورە بەدیدەکرێت.
 
بەپێی ڤیدیۆیەک کە کچێکی نێو قوتابخانەکە تۆماریکردووە و دەڵێت، "قوتابییەکی پۆلی 8 تەقەی کرد".
 
بەهۆی شەڕی لەگەڵ ئۆکراینا، حکومەتی رووسیا داوای لە ناوچە و شارەکانی هاوسنووری ئۆکراینا کردووە کە خۆیان بپارێزن، ئەمەش وایکردووە زۆربەی ماڵەکان چەکیان تێدابێت.
 
بۆگۆماز رایگەیاند، "بەپێی یاسا لە لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بزانین ئەو قوتابییە چۆن توانی ئەو چەکە بهێنێتە نێو قوتابخانە".
 
لە رووسیا چەند جارێک رووداوی هاوشێوە روویداوە، لە 2018 قوتابییەکی 18 ساڵ لە کۆلێژێک 20 کەسی کوشت، کە زۆربەیان هاوپۆل و هاوڕێی خۆی بوون.
 
مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022ـش چەکدارێک لە قوتابخانەیەک کە پێشتر خۆی لێی قوتابی بوو، 15 کەسی کوشت کە 11یان منداڵ بوون، 24 کەسیشی بریندار کرد، دواتر دەستبەجێ خۆی کوشت.