هەڵبژاردن لە ژاپۆن دەستیپێکرد و تاکایچی چاوی لە سەرکەوتنێکی گەورەیە
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ژاپۆن دەستیپێکرد. سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن چاوی لەوەیە زۆرینەی رەهای پەرلەمان بەدەستبهێنێت و پێگەی خۆی وەک "ژنە ئاسنینەکە" بەهێزتر بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەرانی ژاپۆندا کرانەوە. بەگوێرەی راپرسییەکان، پارتی لیبراڵ دیموکرات (LDP) کە دەیان ساڵە حوکمڕانیی وڵات دەکات، بە ئاسانی دەتوانێت نیوەی زیاتری کورسییەکان (زیاتر لە 233 کورسی) مسۆگەر بکات.
ئامانجی تاکایچی؛ دوو لەسەر سێی پەرلەمان
پێشبینییەکان بۆ سانای تاکایچی و هاوپەیمانەکانی زۆر لەوە زیاترن؛ ئەوان چاویان لەوەیە ژمارەی کورسییەکانیان بگەیێننە 310 کورسی لە کۆی 465 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران. ئەگەر ئەم ئەنجامە بەدەستبهێنن، دەبنە خاوەنی دوو لەسەر سێی دەسەڵاتی پەرلەمان، کە لە دوای ساڵی 2017وە هیچ پارتێک نەیتوانیوە ئەو زۆرینە رەهایە بەدەستبهێنێت.
بەفربارینێکی چڕ رووی لە ژاپۆن کردووە و تەنانەت تۆکیۆی پایتەخت و ئەو ناوچانەشی گرتووەتەوە کە لە زستاناندا بە دەگمەن بەفریان لێ دەبارێت.
کۆندۆ، ژنێکی تەمەن 50 ساڵ لە نزیک یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە تۆکیۆ گوتی: "بەلامەوە گرنگ بوو بێم بۆ دەنگدان تاوەکو بەشدارییەکی راستەقینەمان لە سیاسەتدا هەبێت، تەنانەت ئەگەر بەفری زیاتریش باریبا، هەر دەهاتم."
تاکایچی کە لە گەنجیدا تەپڵلێدەری گرووپە مۆسیقییەکانی "هێڤی مێتاڵ" بووە و خۆی بە هەواداری مارگرێت تاتچەر (ژنە ئاسنینەکەی بەریتانیا) دەزانێت، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە سەرۆکایەتیی پارتی دەسەڵاتدار دەکات.
ئەو توانیویەتی ببێتە کەسایەتییەکی خۆشەویست لەنێو گەنجاندا، کە بە وردی چاودێریی جووڵەکانی دەکەن؛ لە جۆری جانتای دەستیەوە تاوەکو بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی کە تێیدا لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور گۆرانی دەڵێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ستایشی کردووە و بە "سەرکردەیەکی بەهێز و دانا" وەسفی کردووە.
سەرەڕای جەماوەرییەکەی، سیاسەتە ئابوورییەکانی تاکایچی بازاڕە داراییەکانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە، بەتایبەت کە قەرزەکانی ژاپۆن دوو هێندەی قەبارەی ئابووریی وڵاتەکەیە. تاکایچی بەڵێنی پاکێجێکی 135 ملیار دۆلاری و لادانی باجی سەر خۆراک دەدات.
لە سیاسەتی دەرەوەشدا، هەڵوێستە تووندەکانی بەرامبەر چین دەنگدانەوەی هەبووە. دوای ئەوەی رایگەیاند "ئەگەر چین هێرش بکاتە سەر تایوان، رەنگە ژاپۆن دەستێوەردانی سەربازی بکات"، پەیوەندییەکانی تۆکیۆ و پەکین ئاڵۆز بوون. چین وەک کاردانەوەیەک باڵیۆزی ژاپۆنی بانگهێشت کرد، مانۆڕی سەربازیی لەگەڵ رووسیا کرد و تەنانەت دوو ورچی "پاندا"ی وەرگرتەوە کە بە قەرز دابوویە ژاپۆن.
بڕیارە کاژێر 20:00ـی ئەمشەو بە کاتی تۆکیۆ (14:00 بە کاتی هەولێر) سندوقەکانی دەنگدان دابخرێن و بە ماوەیەکی کەم ئەنجامە بەراییەکان رابگەیێندرێن.