لە نێجیریا سێ کەس کوژران و 49ش رفێندران

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزە ئەمنییەکانی نێجیریا رایانگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا و لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی چەکداری لە ویلایەتی کادونا، سێ کەس کوژراون و 49ی دیکەش رفێندراون، کە قەشەیەک و ئیمامێکیان تێدایە.
 
رۆژی یەکشەممە 8ی شوباتی 2026، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کرد، چەکدارەکان لە ناوچەی "کاجورو" لە باکووری نێجیریا 11 کەسیان رفاندووە و قەشەیەکیشیان لەگەڵدایە. هاوکات لە هێرشێکی دیکەدا سێ کەس کوژراون و 38ـی دیکەش رفێنراون، کە ئیمامی مزگەوتێک و چوار نوێژخوێنیان لەناودایە.
 
هێرشەکان لە باشووری ویلایەتی کادونا روویانداوە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کریستیانن. ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا زیاتر لە 189 کەس لە کاتی هێرشکردنە سەر کەنیسەکانی ئەو ناوچەیە رفێندرابوون. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشانە رانەگەیاندووە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی تووندی لە حکومەتی نێجیریا گرتووە بەهۆی شکستهێنانی لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و ئەوەی بە "چەوساندنەوەی کریستیانەکان" ناوبردووە. لە بەرامبەردا چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، گرووپە چەکدار و باندە تاوانکارییەکان بەبێ جیاوازی هێرش دەکەنە سەر موسڵمان و کریستیانەکان.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی دامەزراوەی (SBM Intelligence)، رفاندن لە نێجیریا بووەتە "کارێکی رێکخراو و پڕ قازانج"؛ بە جۆرێک تەنیا لە نێوان تەممووزی 2024 بۆ حوزەیرانی 2025، نزیکەی 1.7 ملیۆن دۆلار لە رێگەی سەرانەوە کۆکراوەتەوە.
 
بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنییەوە، بەرپرسانی نێجیریا باری نائاساییان راگەیاندووە و هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ دامەزراندنی سەرباز و پۆلیسی نوێ دەستپێکردووە.